تیمی پارێزەرانی دۆسیەی لالەزار ئاشکرای دەکەن کە دۆسیەی دەستبەسەرکراوانی لالەزار بە شێوەیەکی نایاسایی لە دادگای سلێمانی ڕاگیراوە، و بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستی و ئەشکەنجەدانەوە، بەشێک لە گیراوەکان لە زیندانی ئاسایشدا مانیان لە خواردن گرتووە.
دانا تەقیەدین، ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی بە نووچەتیڤی ڕاگەیاند، سەرڕای تێپەڕبوونی مانگێک بەسەر پێشکەشکردنی سکاڵاکەیاندا، دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی هیچ ڕێکارێکی یاسایی نەگرتووەتەبەر و دۆسیەکەی بە هەڵپەسێردراوی هێشتووەتەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، کەسوکاری دەستبەسەرکراوەکان ئاگاداریان کردوونەتەوە کە بەشێک لە گیراوەکان بەهۆی نەبوونی توانای بەرگەگرتنی ئەشکەنجە و تێکچوونی باری تەندروستییان، دەستیان بە مانگرتن کردووە.
هاوكات ئەوەشی خستەڕوو کە لاهور شێخ جەنگی لە ئێستادا پێی باشە هەر جۆرە مانگرتنێک بە شێوازێکی مەدەنی و بە بەرنامە بێت بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونی تەواو لەسەر دۆسیەکە بێتە ئاراوە.