ڕاستەوخۆ

ناوەندى ئامارى ئێران: ڕێژەى بێکاریی ژنان دوو هێندەى پیاوانە

reset font size increase font size

ئامارە فەرمییەکانى ساڵى (2025-2026) نیشان دەدەن کە بازاڕى کارى ئێران ڕووبەڕووى قەیرانێکی گەورە بووەتەوە و نایەکسانى جێندەری لە نێوان ژنان و پیاواندا بەشێوەیەکی بەرچاو زیاتر بووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ساڵانەی ناوەندی ئاماری ئێران، سەرەڕای زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی سەروو 15 ساڵ بە ڕێژەی 800 هەزار کەس، بەڵام ژمارەی شاغلان (ئەوانەی کار دەکەن) لە 24 ملیۆن و 800 هەزار کەسدا جێگیر بووە و بەمەش ڕێژەی کارکردن لە 37.9%ەوە بۆ 37.5% دابەزیوە.

 هۆکاری سەرەکی ئەم پاشەکشەیەش بۆ نەرێنیبوونی گەشەی ئابووری ئێران (-0.7%) دەگەڕێتەوە.

گرنگترین خاڵەکانی ناو ڕاپۆرتەکە سەبارەت بە دۆخی ژنان بریتین لە:

کەمبوونەوەی دەرفەتی کار بۆ ژنان: لە کاتێکدا لە ساڵی 1404دا ژمارەی پیاوانی شاغل 228 هەزار کەس زیادی کردووە، بەپێچەوانەوە ژمارەی ژنانی شاغل 194 هەزار کەس کەمیکردووە.

فراوانبوونی جیاوازییەکان: لە نێوان هەر 3 پیاوی سەروو 15 ساڵ، دووانیان کار دەکەن، بەڵام لە نێوان هەر 9 ژن، تەنها یەک ژن دەرفەتی کاری هەیە.

بێکاریی گەنجان: ڕێژەی بێکاریی لە نێوان ژنانی خوار تەمەن 35 ساڵ، دوو هێندەی پیاوانە (26% بۆ ژنان بەرامبەر 12% بۆ پیاوان).

دابڕان لە خوێندن و کار: نزیکەی یەک لەسەر سێی (32%)ی کچان و ژنانی تەمەن 15 بۆ 24 ساڵ، نە دەخوێنن و نە کار دەکەن، لە کاتێکدا ئەم ڕێژەیە بۆ کوڕان تەنها 15%یە.

شارەزایان پێیان وایە کە پچڕانی بەردەوامی ئینتەرنێت لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی گرژییەکانەوە، زەبرێکی گەورەی لەو ژنانە داوە کە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە (وەک ئینستاگرام) کاریان دەکرد، بەمەش هاوشێوەی سەردەمی کۆرۆنا، دیسانەوە ژنان باجی هەرە قورسی قەیرانە ئابوورییەکانی ئێرانیان داوە.

تێبینی: ئەم ئامارانە پێش دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران کۆکراونەتەوە، کە بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی کاری ئێران، ئەو شەڕە بووەتە هۆی لەدەستدانی 2 ملیۆن دەرفەتی کاری دیکە لە وڵاتەکەدا.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.