نورەدین ئەحمەد لە دیدارەکانیدا، لەگەڵ هند قەباوات، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کۆبووەوە. تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە پرسی تێکەڵکردنی فەرمانبەران لە نێو بەڕێوەبەرایەتییەکان و باشترکردنی کارایی کارگێڕی لە پارێزگاکەدا.
هاوکات، پارێزگاری حەسەکە لەگەڵ عیمادەدین حەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراوەی پۆستەی سوریا کۆبووەوە و تێیدا کارەکانی نوسینگەی پۆستەی حەسەکە و چۆنایەتی خزمەتگوزارییەکانیان هەڵسەنگاند.

هەروەها، نورەدین ئەحمەد لەگەڵ محەمەد یاسر بێرنییە، وەزیری دارایی پرسی چالاککردنەوەی خزمەتگوزارییە داراییەکانیان تاوتوێ کرد، جەختیان لەسەر کاراکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی دارایی لە حەسەکە و دەستپێکردنەوەی کارەکانی بانکی دەوڵەت کردەوە، بەتایبەتی بانکی کشتوکاڵی کە ڕۆڵێکی گرنگی لە سەقامگیری و گەشەپێدانی ناوچەکەدا هەیە.
ئەم دیدارانەی پارێزگا لە پێناو خێراکردنی پرۆسەی کاراکردنی دامەزراوە گشتییەکان، باشترکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و ڕەخساندنی دەرفەتی گەشەپێدانی زیاتر لە ناوچەکانی جزیرە.