لە بەردەوامیی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، شەوی ڕابردوو فڕۆکە جەنگییەکان زنجیرەیەک هێرشی ورد و چڕیان کردە سەر ئامانجە سەربازییەکان لە تاران و شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
لە شاری سەقز، بەگوێرەی زانیارییە مەیدانییەکان و ئەو دیمەنانەی بڵاوکراونەتەوە، بینای قایمقامیەت، دەزگای ئیتلاعات، بنکەی 12ی پۆلیس و پادگانی ئیمام بە چڕی بۆردومان کراون.
هەروەها لە شەقامی شاناز شوێنێکی مەدەنی پێکراوە کە دەگوترێت وەک مۆڵگەی سەربازی بەکارهێنراوە. هاوکات لە شارەکانی ئاودانان و ئیلام، ناوەندەکانی سوپای پاسداران، دەزگای ئیتلاعات و بنکەکانی پۆلیس کراونەتە ئامانج.
لە ناوخۆی ئێرانیش، تاران قورسترین هێرشی بەخۆوە بینی و ناوچەکانی چیتگەر، فڕۆکەخانەی مێهرئاباد، ناوچەی ستراتیژیی پارچین، پیشەسازیی ئاسمانیی فارسکۆ، پونەک و مەیدانی ئازادی بەچڕی بۆردومان کران.
جگە لە پایتەخت، هێرشەکان شارەکانی ئەهواز، شیراز، هۆرمۆزگان، بەندەر عەباس، تەورێز، هەمەدان، کەرەج و زەنجانیشی گرتووەتەوە و بنکە سەربازی و هەواڵگرییەکانی ئەو شارانە کراونەتە ئامانج.