ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ـی نیسانی 2026، ڕێبەر ئەحمەد، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسدا گوتی، بەشداری لە هیچ کۆبونەوەیەکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ناکەن، کە لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی هۆتێل ڕەشید بێت و هەر ڕێککەوتنێک بکرێت لە دەرەوەی ویستی خەڵکی کەرکوک ڕەتیدەکەنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کەرکوک هی سەرجەم پێکهاتەکانە، نابێت ئیرادەی خەڵکی کەرکوک زەوت بکرێت، دەشڵێت، لەگەڵ کۆدەنگین بۆ ئەوەی شەرعیەت بۆ خەڵکی کەرکوک بگەڕێتەوە.
گوتیشی، ئەوەی دەبێتە پارێزگار دەبێت نوێنەرایەتیی هەموو کەرکوکییەکان بکات، نابێت لە دەرەوەی کەرکوک ئیدارەیەک بەسەر کەرکوکدا بسەپێندرێت.
دەربارەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش گوتی، زیاتر دواخستنی ئەم پڕۆسەیە لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا نییە، دەبێت ویست و ئیرادەی خەڵک لەبەر چاوبگیرێت.
لەسەر هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، پێویستە هێرشەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان بوەستێندرێت چونکە ئەمە جێگای قبوڵکردن نییە.
جەختی لەوەشکردەوە، لەماوەی جەنگی ئێراندا هیچ هەوڵێک لە هەرێمی کوردستانەوە نەبووە بۆ تێکدانی سەقامگیری ئەو وڵاتە.