وەزیری کشتوکاڵی هەرێم دەڵێت، بەرهەمی بنەتۆو بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردوە، داواش دەکات بەرپرسانی هەرێم هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ وەرگرتنی بڕی زیاتری گەنمی جوتیارانی هەرێم لەلایەن بەغدادەوە.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەئاوییەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند، بەرهەمی بنەتۆو لە هەرێمی کوردستان ساڵانە لە زیادبووندایە و بڕەکەی لە سەدان تۆنەوە بۆ هەزاران تۆن زیادیکردوە.
گوتیشی، چاوەڕوانن ئەمساڵ ڕێژەی بنەتۆو 11 هەزار تۆنەکەی ساڵی پار تێپەڕێنێت و هەوڵەکانیش بۆ زیادکردنی، تا ئاستی هەناردەکردن بۆ دەرەوەی وڵاتیش بەردەوامن.
وەزیری کشتوکاڵ لە بارەی وەرگرتنی گەنمیش ئاماژەی بەوەکرد، عێراق دادپەوەرنییە لەنێوان جوتیارانی خۆی و هەرێمدا، جوتیارانی عێراق بەبێ بەشداربوون لە پلانی داچاندن گەنمەکانیان ڕادەستی سایلۆکان دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەی جوتیارانی هەرێم لە چوارچێوەی پلانەکەشدان وەک پێویست گەنمیان لێوەرناگیرێت.