وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە زنجیرەیەک بڕیاری توونددا هۆشداری دەداتە قوتابییان، خوێندکاران و چاودێرانی هۆڵەکانی تاقیکردنەوەی نیشتمانیی پۆلی 9ی بنەڕەتی و ئەزموونە گشتییەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی.
بەگوێرەی بڕیارە نوێیەکان، هێنانی هەر جۆرە مۆبایل و ئامێرێکی زیرەک بۆ ناو هۆڵەکان قەدەغەیە و وەک "گزی" هەژمار دەکرێت، هەروەها بڵاوکردنەوەی پرسیارەکانیش ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوەی یاساییان دەکاتەوە.
هەروەها فەرمانێکی وەزاری کە بە واژۆی ئالان حەمەسعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە ڕێکەوتی 7ی حوزەیرانی 2026 دەرچووە، چەند ڕێکارێکی نوێ و تووند بۆ هۆڵەکانی تاقیکردنەوە دیاریکراون کە گرنگترینیان ئەمانەن:
- قەدەغەکردنی مۆبایل لەلایەن ستافەوە: هێنانی هەر جۆرە مۆبایلێک بۆ ناو هۆڵەکانی تاقیکردنەوە لەلایەن بەڕێوەبەر، سەرپەرشتیاران و چاودێرانەوە بە تەواوی قەدەغەیە.
- پشکنینی وردی ئەلیکترۆنی: پشکنینی تووند بۆ سەرجەم قوتابییان و خوێندکاران دەکرێت؛ هێنانی هەر جۆرە ئامێرێکی ئەلیکترۆنی، کاتژمێری زیرەک و مۆبایل پێش چوونە ژوورەوە، بە "غەشی جدی" هەژمار دەکرێت و خوێندکارەکە لە تاقیکردنەوەکان بێبەش دەکرێت.
- یەکگرتنەوەی ناو و پەڕەی سۆما: پێویستە مامۆستایان دڵنیابنەوە کە ناوی خوێندکار لەسەر پرسیارەکە و پەڕەی سۆما هاوشێوە و یەکبێت، چونکە نەناردنەوەی دەفتەری پرسیارەکە لەگەڵ پەڕەی سۆمادا، دەبێتە هۆی سفرکردنی نمرەی خوێندکارەکە.
- قەدەغەکردنی وێنەگرتنی پرسیارەکان: هیچ کەسێک مافی نییە لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا وێنەی پرسیارەکان بگرێت یان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی بکاتەوە. وەزارەت ڕایگەیاندووە کە میکانیزمێکی تایبەتی بۆ ناسینەوەی خاوەنی پرسیارە بڵاوکراوەکان داناوە و سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە.
- قۆرخکردنی بڵاوکردنەوەی وەڵامەکان: بڵاوکردنەوەی وەڵامی فەرمیی تاقیکردنەوەکان، تەنها لە دەسەڵاتی لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکاندایە.
- ڕووماڵی میدیایی: وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوە کردووە کە هۆڵەکانی تاقیکردنەوە پێویستیان بە ڕووماڵی میدیایی نییە و گوتەبێژی فەرمیی وەزارەت زانیارییەکان بە شێوەیەکی یەکسان دەداتە سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن.