وەزارەتی پێشمەرگە دەنگۆی ڕاگرتنی هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە ڕەتدەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، چوار مانگ ماوە بۆ کۆتاییهاتنی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتەکەیان و هاوپەیمانان.
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەنگۆی ڕاگرتنی هاوکاریی هاوپەیمانانی بۆ پێشمەرگە ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، تەواوی ئەو دەنگۆیانەی باس لە ڕاگرتنی هاوکاریی هاوپەیمانان دەکەن بێبنەمان.
گوتیشی، پڕۆسەی پاڵپشتییەکان بە گوێرەی لێکتێگەیشتنی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا و وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە، کە لە پێناو سەرخستنی پڕۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە واژۆکراوە.
هەروەها ئاشکرایکردووە، تەنها هاوکارییەکانی شەڕی دژی چەکدارانی داعش وەستاون، ئەویش بەهۆی سنوداربوون و کەمبوونەوەی چالاکییەکانی ئەو گروپە بووە.
وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە، هاوکارییە دارایی و لۆجیستییەکانی ئەمەریکا بە گوێرەی خشتەیەکی کاتیی دیاریکراو ڕێکخراون و لێکتێگەیشتنەکەش مانگی 9ـی ئەمساڵ کۆتاییدێت و چاوەڕوانیش دەکرێت لە ماوەکانی داهاتوودا، گفتوگۆکردن بۆ واژۆکردنی لێکتێگەیشتنێکی نوێ لە نێوان هەردوولا بێتە ئاراوە.