خەڵکی عامودێ لە ڕێپێوانێکی جەماوەریدا داوایان کرد مافە کلتورییەکان و خوێندن بە زمانی کوردی لە دەستووری داهاتووی سوریادا بە فەرمی بناسرێت.
هەزاران کەس لە دانیشتووان و خوێندکارانی شاری عامودێ لە ڕۆژاڤای کوردستان، بە ڕێپێوانێکی بەرفراوان ڕژانە سەر شەقامەکان و داوایان کرد، زمانی کوردی لە دەستووری نوێی سوریادا بچەسپێنرێت.
بەشداربووان بە جلی کوردی و بەرزکردنەوەی چەندین دروشمی وەک "زمانی ئێمە شکۆی ئێمەیە" و "فەرمیکردنی زمانی کوردی داخوازی گەلی کوردە" جەختیان لەوە کردەوە، زمانی دایکی هێڵی سورە و مافێکی دەستلێبەرنەدراوە.
لە کۆتایی ڕێپێوانەکەدا، حەنا خالید، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانەکانی عامودێ ڕایگەیاند، گەلی کورد خاوەن مێژوو و زمانێکی کۆنە لە سەر ئەم خاکە و زمان بنەمای بوون و ناسنامەیانە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، زمانی کوردی بە کەرامەت و ماندووبوونی شاعیران و نووسەرانی وەک ئەحمەدی خانی، مەلای جزیری و جەلادەت بەدەرخان پارێزراوە.