وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامانجی چەسپاندنی ستانداردە جیهانییەکان و پاراستنی گیان و سامانی هاووڵاتییان، پاکێجێکی نوێی ڕێنمایی سەلامەتیی گشتیی دەرکرد.
د. سامی جەلال، ڕاوێژکاری یاسایی وەزیری ناوخۆ، بە نوچەتیڤی ڕاگەیاند، ڕێنماییەکە بە واژۆی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ دەرچووە و تێیدا لیژنەیەکی باڵا لە وەزارەت و چەندین لیژنەی لاوەکی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان پێکدەهێنرێن بۆ چاودێریکردنی سەلامەتیی پڕۆژەکان.
بەپێی ڕێنماییەکان، پڕۆژەکان لە قۆناغی نەخشەسازییەوە تا تەواوبوون پابەند دەکرێن و ساڵانە چوار جار پشکنینی خولییان بۆ دەکرێت.
لە بڕگەیەکی تری ڕێنماییەکەدا، مەرجی توند بۆ سیستمی گازی (ئێڵ پی جی) لە شوێنی نیشتەجێبوون و بازرگانییەکان دانراوە، هەروەها تانکەرەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی پابەند دەکرێن بە هەبوونی کۆدی تایبەتەوە.
د. سامی جەلال ئاماژەی بەوەش دا کە ئەم ڕێنماییانە دوای بڵاوبوونەوەیان لە ڕۆژنامەی فەرمیی (وەقائیعی کوردستان) دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.
دەرکردنی ئەم ڕێنماییە توندانە لە کاتێکدایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە شاری سلێمانی دوو رووداوی گەورەی ئاگرکەوتنەوە لە کۆگایەکی سووتەمەنی و بەنزینخانەیەک رووی دا، کە بەهۆیانەوە چەند کەسێک بریندار بوون و زیانی مادیی زۆری لێ کەوتەوە.