وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی شەفافیەت و خستنەڕووی داتاکانی پەیوەست بە چاکسازی، وردەکاریی داهاتی باج و خانووبەرەی میری بۆ ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوو بڵاوکردەوە، کە تێیدا کۆی داهاتەکە گەیشتووەتە زیاتر لە 5 ترلیۆن و 415 ملیار دینار.
بەگوێرەی ئەو داتایانەی وەزارەتەکە خستوویەتیەڕوو، ئەو داهاتە کۆی گشتیی باج و خانووبەرەی میرییە لە نێوان ساڵانی 2019 تا کۆتایی ساڵی 2025.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆرترین ڕێژەی داهات لە پارێزگای هەولێر کۆکراوەتەوە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە پایتەخت ناوەندی سەرەکیی جوڵەی بازرگانییە و ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیا گەورەکان لەو پارێزگایە مۆڵەتیان وەرگرتووە.
سەبارەت بە هەنگاوەکانی چاکسازی بۆ زیادکردنی داهات و ڕێگریکردن لە خۆدزینەوە لە باج، وەزارەتی دارایی ئاماژەی بە چەند خاڵێکی سەرەکی کردووە، لەوانە:
بەسیستەمکردنی باج:
پڕۆسەی کاروباری باج و خانووبەرەی میری بە هاوئەنگی لەگەڵ فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری بە دیجیتاڵی کراوە.
ڕێکخستنەوەی باجی سنوورەکان:
ڕێکاری نوێ بۆ وەرگرتنی باجی هاوردە و هەناردە لە دەروازە سنوورییەکان دانراوە.
پۆلێنکردنی باجدەران:
کۆمپانیاکانی گەورە باجدەران لە سەرجەم پارێزگاکان ڕێکخراون و پۆلێن کراون.
هەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبوونەکان:
پێداچوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارانەی پێشتر بۆ لێخۆشبوونی باجی زەوی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان هەبوون.
پاراستنی موڵکی گشتی:
سەرژمێریکردن و کەمکردنەوەی زێدەڕۆیی لەسەر موڵکەکانی میری، لەگەڵ ڕێکخستنی پرۆسەی بەکرێدان و فرۆشتنیان بەپێی یاسا.
هەموارکردنی پەیڕەوەکان:
هەمووارکردنەوەی پەیڕەوی تۆمارکردنی بازرگانی بۆ مەبەستی باجی دەرامەت و دامەزراندنی ئەنجومەنی پیشەی وردبینی و ژمێریاری.