کۆمیتەی ژینگەی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ڕایگەیاند، سیستەمی سەرمایەداری و دەوڵەت-نەتەوەکان بوونەتە هەڕەشەی جددی لەسەر داهاتووی سروشت و ژیانی مرۆڤایەتی، داواش دەکات لە هەر شوێنێک زیان بە ژینگە بگەیەنرێت، بکرێتە گۆڕەپانی داکۆکیکردن لە مافی ژیان.
کۆمیتەی ژینگەی کەجەکە، بەبۆنەی 'ڕۆژی جیهانی ژینگە'وە، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە نیو سەدە بەسەر ناساندنی ئەم ڕۆژە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە، هێشتا وێرانکاری و زیانگەیاندن بە ژینگە بەردەوامە و لەمساڵدا مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی سەختترین قڕکاریی ژینگەیی بووەتەوە کە مێژوو بەخۆیەوە نەبینیوە."
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، هۆکاری سەرەکیی قەیرانە ژینگەییەکان، گەرمبوونی جیهان، دەردانی کاربۆن، پاشماوە پیشەسازییەکان و قۆرغکاریی ئاو و وزە، بۆ مۆدێرنێتەی سەرمایەداری دەگەڕێتەوە کە لەسەر بنەمای "ئیستغلالکردن و تاڵانکاری" دامەزراوە.
کەجەکە هۆشداری دەدات کە "ئەگەر کەمینەیەکی تەماعکار لە جیهاندا ڕانەگیرێن، کۆتایی بە مرۆڤایەتی دەهێنن."
"تەنها گۆشەگیری لە گوندەکاندا چارەسەر نییە"
کەجەکە ڕەخنە لە شێوازی مامەڵەکردنی دەوڵەتان لەگەڵ ڕۆژی جیهانی ژینگەدا دەگرێت و بە "کردەوەی سیمبولی" ناوی دەبات.
هاوکات ئاماژە بەوە دەکات کە تەنها خستنەڕووی زیانەکان یان دوورکەوتنەوە لە شارەکان و نیشتەجێبوون لە گوندەکان بۆ مەبەستی کشتوکاڵ، کێشەکە چارەسەر ناکات، بەڵکو پێویستە بزووتنەوە ژینگەپارێزەکان ڕووبەڕووی هۆکارە سەرەکییەکان و سیاسەتەکانی دەوڵەت-نەتەوە ببنەوە.
"هێرشی سەرتاسەریی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بۆ سەر سروشت و کۆمەڵگە، تەنیا بە تێکۆشانێکی سەرتاسەری ڕێگری لێ دەکرێت."
"کوردستان کراوەتە گۆڕەپانی قڕکاریی ژینگەیی"
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا، ئاماژە بە دۆخی ژینگەیی ناوچەکە کراوە و هاتووە: "بەهۆی شەڕی پەنجا ساڵی ڕابردووەوە، جوگرافیای کوردستان لە عەفرینەوە تا بادینان، بۆتان، سەرحەد و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕووبەڕووی قڕکاریی ژینگەیی بووەتەوە کە وەک ستراتیژێکی شەڕ پەیڕەو دەکرێت."
کەجەکە ڕاشیگەیاندووە کە سوتاندنی دارستانەکان، دروستکردنی بەنداوەکان، وێستگەکانی وزە و زیادبوونی کانگاکان، بەشێکن لەو سیاسەتەی کە بووەتە هۆی لەناوبردنی بژێویی خەڵک، چۆڵکردنی ناوچەکان و کۆچی زۆرەملێ.
لە کۆتاییدا، کۆمیتەی ژینگەی کەجەکە داوا لە هاووڵاتیان و ڕێکخراوەکان دەکات کە لە دژی بڕینەوەی دارستانەکان، تاڵانکردنی سەرچاوەکانی ئاو و خاک، و دروستکردنی کانی مێتاڵییەکان، هەڵوێستی ڕوون و جددیان هەبێت و ڕێگری لەو کۆمپانیایانە بکەن کە زیان بە سروشتی ناوچەکە دەگەیەنن.