پۆلیسی ئاکرێ ڕایگەیاند، دوێنێ شەو، لە قەزای بەردەرەش لە سنوری پارێزگای دهۆک، بە هۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە، دوو مێرمنداڵی تەمەن 10 و 14 ساڵ بە سەختی بریندار بوون.
پۆلیسی ئاکرێ لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، لە گەڕەکی شۆڕشی قەزای بەردەرەش، کەسێکی تەمەن 22 ساڵ، هێرشدەکاتە سەر ماڵێک و دوو مێرمنداڵی تەمەن 10 و 14 ساڵی ماڵەکە بە سەختی بریندار کرد.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، هێزەکانی پۆلیسی قەزای بەردەرەش توانیویانە دوای ڕووداوەکە، تۆمەتبارەکە دەستگیر بکەن و دەست بەسەر چەک و ئۆتۆمبێلەکەشیدا بگرن.
هەروەها بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت، دوو تۆمەتباریان بە تۆمەتی ڕفاندنی هاوڵاتییەک دەستگیرکردووە.
دەشڵێت، لە کاتی دەستگیرکردنیاندا، دەست بەسەر دوو ئۆتۆمبێل و دوو مۆبایلدا گیراوە، بە بڕیاری دادوەر، لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەیان دەکرێت.