وەزارەتی بەرگریی ئیمارات ڕایگەیاند، ئێران جارێکی دیکە بە درۆن و موشەک هێرشی کردووەتە سەر ئەو وڵاتە و بەهۆیەوە سێ کەس بریندار بوون.
ئەمڕۆ هەینی، 8ـی ئایاری 2026، وەزارەتی بەرگریی ئیمارات ڕاگەیەنراوێکی لە تۆڕی ئێکس بڵاوکردەوە و دەڵێت، سیستمی بەرگریی وڵاتەکە، بەرپەرچی دوو موشەک و سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی داوەتەوە.
دەشڵێت، بەو هۆیەوە سێ کەس بریندار بوون.
هەر بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی بەرگریی ئیمارات، لە سەرەتای هێرشەکانی ئێرانەوە بۆ سەر ئەو وڵاتە، تاوەکو ئێستا، 551 موشەکی بالیستی و 29 کوشەکی کروز و 2269 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خستووەتە خوارەوە.
باسی لەوەش کردووە، تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرشەکانەوە، سێ کەس کوژراون و 230 کەسیش بریندار بوون، کە خەڵکی ئیمارات و چەند وڵاتێکی دیکە بوون.
لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، ئیمارات یەکێک لەو وڵاتانەی ناوچەکەیە، کە لە لایەن ئێرانەوە زۆرتریین هێرشی کراوەتە سەر.
