یاداشتێکی ناوخۆیی یەکێتی ئەوروپا، نیگەرانی ئەمنیی سەبارەت بە هەڵهاتنی هەزاران کەس لە کەمپی دەستبەسەرکردنی هۆڵ، کە کەسوکاری گومانلێکراوانی چەکدارانی داعشن لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەخاتەڕوو.
لە یاداشتەکەدا کە لە سەرۆکایەتی قوبرس لە ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا نێردراوە بۆ وڵاتانی ئەندام، ئاماژە بەوەدەکات، تا ئێستا چارەنووسی ئەوهاووڵاتیانەی وڵاتی سێهەم کە لە کەمپی هۆڵ هەڵاتوون ناڕوونە.
ئاماژە بەوە دەکات گروپە چەکدارەکان دەتوانن لەو کەمپە چەکدار وەربگرن.
هەروەها یاداشتەکە نیگەرانییەکی قوڵ دەورووژێنێت سەبارەت بەوەی چۆن گروپە تیرۆریستییەکان هەوڵدەدەن سوود لە دۆخی ئێستای سوریا وەربگرن و خۆیان ڕێکبخەنەوە.
کەمپی هۆل، لە نزیک سنووری عێراقه، یەکێک بوو لە کەمپە سەرەکییەکانی دەستبەسەرکردنی کەسوکاری گومانلێکراوانی چەکداری داعش کە لە کاتی هەڵمەتەکانی دژ بە گروپە جیهادییەکان لە سوریا دەستبەسەر کرابوون.
ژمارەی دانیشتووانی کەمپەکە ڕۆژێک پێش دەستبەسەرداگرتنی حکومەتی کاتی سوریا، 23 هەزار و 407 کەس بووە، کە شەش هەزار و 280 کەسیان بیانین لە زیاتر لە 40 نەتەوەوە هاتوون.
سوپای ئەمریکا لە 13ی شوباتدا ڕایگەیاندبوو، ئەرکی گواستنەوەی پێنج ههزار و 700 چەکداری داعشی لە زیندانەکانی سوریاوە بۆ عێراق جێبەجێکردووە.
لە یاداشتەکەی یەکێتی ئەوروپادا ئاماژە بەوەکراوە، ئەو ئەرکە وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرچاوەیەکی ئەمنی حکومەتی سوریا هەفتەی ڕابردوو بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندبوو، دەسەڵاتدارانی ئەمنی بە هاوکاری لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان، یەکەیەکیان دامەزراندووە بۆ بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو کەسانەی کە هەڵهاتوون.
لە یاداشتەکەی یەکێتی ئەوروپادا هاتووە توانای دیمەشق بۆ بەڕێوەبردنی ئەم دامەزراوانە وەک سنووردارەو ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاوی کارکردن بووەتەوە.