بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی (هەنگاو)، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی حوزەیرانی 2026، هێزەکانی ئێران لە مەرزی "چۆمان"ی سەر بە شاری بانە، تەقەیان لە کاسبکارێکی کورد کردووە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم هاوڵاتییە بە تەقەی ڕاستەوخۆ و بەبێ ڕەچاوکردنی یاسای بەکارهێنانی چەک لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە کراوەتە ئامانج.
قوربانییەکە سەری پێکراوە و تەرمەکەی ڕادەست نەکراوەتەوە
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەیەوە بە ڕێکخراوی هەنگاوی ڕایگەیاندووە، هێزەکانی حوومەت لە مەودایەکی نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، دەستڕێژی تەقەیان لە"موتەلیب خەیبەری" کردووە و بەهۆی ئەوەی فیشەک بەر سەری کەوتووە، دەستبەجێ لە شوێنی ڕووداوەکە گیانی لەدەستداوە.
سەرچاوەکە جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ناوبراو لە کاتی کرانە ئامانجیدا هیچ جۆرە کاڵا، کەلوپەل یان بارێکی پێ نەبووە.
ئێستاش تەرمەکەی بۆ نەخۆشخانەی سەڵاحەدینی ئەییووبی لە بانە گواستراوەتەوە، بەڵام ناوەندە ئەمنییەکان تاوەکو ئێستا تەرمەکەیان رادەستی بنەماڵەکەی نەکردوەتەوە.
بێکاری هاوڵاتیانی ناچار بە کاسبی مەترسیدار کردووە
موتەلیب خەیبەری، خەڵکی گوندی "ساڵه"ی سەر بە شاری بانەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خێزاندارە و باوکی دوو منداڵە.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوبراو هاوشێوەی هەزاران هاووڵاتی دیکە، بەهۆی نەبوونی هەلی کاری گونجاو و جێگیر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ناچار بووە بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خێزانەکەی ڕوو لە ناوچە سنوورییە مەترسیدارەکان بکات.
هەنگاو جەخت دەکاتەوە کە کوشتاری سیستماتیکی کاسبکاران و کۆڵبەرانی کورد لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە لەژێر سێبەری لێخۆشبوون و پارێزبەندی یاساییدا، نموونەیەکی بەرچاوی زەوتکردنی مافی ژیان و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤە.