هیومان ڕایتس وۆچ، بەشداریی منداڵان لە کارە سەربازییەکان، لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بە پێشێلکارییەکی جددیی مافی منداڵان و بە تاوانی جەنگ دادهنێت.
هیومان ڕایتس وۆچ، ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە نوێترین ڕاپۆرتیدا نیگەرانیی قوڵی خۆی سەبارەت بە دەستپێکردنی هەڵمەتێکی نوێی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ ڕاکێشانی منداڵانی تەمەن 12 بۆ 18 ساڵ بۆ ناوەندە سەربازییەکان دەربڕی.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، یەکێک لە بەرپرسانی سوپای پاسداران لە تاران ڕایگەیاندووە، کەمترین تەمەن بۆ ناونووسین وەک "پارێزەرانی نیشتمان"، کراوەتە 12 ساڵ.
بێڵ ڤان ئەسڤێڵد، جێگری بەشی مافەکانی منداڵان لە ڕێکخراوەکە، ڕایگەیاند، هیچ پاساوێک بۆ ڕاکێشانی منداڵان لە تەمەنێکی ئاوا بچووکدا قبوڵکراو نییە.
بەرپرسانی سوپای پاسدارانیش دەڵێن، ئەم منداڵانە بۆ کاری پشتیوانی وەک ئامادهکردنی خۆراک و فریاگوزاری بەکاردەهێنرێن.