شەڕی نێوان هاوپەیمانیی ئەمریکا و ئیسراییل، لەگەڵ حکومەتی ئێران پێدەنێتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە و ستراتیژیی بەئامانجگرتنی ناوەندە هەستیارەکانیش پەرەسەندن بەخۆوە دەبینێت.
سوپای پاسداران وەک بڕبڕەی پشتی هێزە موشەکی و درۆنییەکانی حکومەتی ئێران، پشکی شێری هێرشەکانی بەرکەوتووە، بەتایبەت ناوەندە ستراتیژییەکانی وەک پارچین و خۆجیر کە کارگەی سەرەکیی سووتەمەنی ڕەقی موشەکی بالیستیکییان لێیە.
لە کاتێکدا هێرشەکان زیاتر سوپای پاسداران دەکاتە ئامانج، هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەرتەش، زیاتر ڕەهەندێکی تاکتیکییان بووە و تەنها بۆ پەکخستنی سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی وەک S-300 و ڕادارە جێگیرەکان، بە مەبەستی کردنەوەی ڕێگە بۆ فڕۆکە جەنگییەکان بۆ قوڵایی خاکی ئێران بووە.
لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، بازنەی ئەم هێرشانە بە شێوازێکی بەرچاو بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچە سنوورییەکان پەرەیسەندووە. ئامانجی هێرشەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش، جگە لە ناوەندە هەواڵگریی، دادوەری و بنکەکانی هێزی ئینتزامی لەناو شارەکان، زیاتر بۆ سەر بنکە و ناوەندەکانی سوپای پاسداران، بەتایبەت بە ئامانجگرتنی هێزی پیادەی ئەم سوپایە بووە.