مەسعود بارزانی ڕایگەیاند، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانیش دەڵێ: هەرگیز نابینە بەشێک لە ململانێکانی ناوچەکە.
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی ڕاپەڕینەوە پەیامیان بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەی بارزانیدا هاتووە: لە ئێستا ناوچەكە بە بارودۆخێكی زۆر ئاڵۆز و هەستیاردا تێدەپەڕێت و هیوادارین، كە هەرچی كێشە و ناكۆكی لە ناوچەكەدا هەیە بە ڕێگەی ئاشتیانە بگاتە ئەنجام و چارەسەری.
دەشڵێ، ئێمەش ئەوەی لە دەستمان بێت دەیكەین بۆ ئەوەی كوردستان لە شەڕ و نەهامەتی و ناخۆشی دوور بێت و پارێزراو بێت.
هاوکات نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، هەرێمی کوردستان نابێته بەشێک لە هیچ ململانێ و پەرەسەندنێکی سەربازی کە زیان بە ژیان وئاسایشی هاوڵاتییانمان بگەیەنێت.
گوتیشی، پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتە دەستورییەکانمان تەنیا بە یەکڕیزی و تەبایی و بەرپرسیاریەتیی هاوبەشی نيشتمانيى هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە، مەسرور بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا گوتوویەتی، پێویستە خەڵکی هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەر کاتێک، پارێزگاریی و داکۆکی لە دەسکەوتە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی بکات، لەپێناو داهاتوویەکی باشتر و پێشکەوتووتردا .