ڕاستەوخۆ

هۆشداری لە مەترسیی لەسێدارەدانی سێ زیندانیی سیاسیی کورد لە ئێران دەدرێت

reset font size increase font size

دوای لەسێدارەدانی هەردوو بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی ڕامین زاڵە و کەریم مەعرووفپوور لەلایەن ئێرانەوە، ناوەند و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشداریی توند لە دەستپێکردنی شەپۆلێکی نوێی لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسی لەو وڵاتەدا دەدەن و ڕایدەگەیێنن کە ئێستا ژیانی سێ بەندکراوی دیکەی سیاسیی کورد بە ناوەکانی پەخشان عەزیزی، یووسف ئەحمەدی و حاتەم ئۆزدەمیر لە مەترسییەکی ئێجگار جیددی و تونددایە.

بەو پێیەی سزای لەسێدارەدانیان لەلایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە پەسندکراوە و تەواوی داواکارییەکانیشیان بۆ پێداچوونەوە و دادگاییکردنەوەی دادپەروەرانە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی ئەو وڵاتەوە ڕەتکراونەتەوە.

پەخشان عەزیزی، کچە چالاکوانی مەدەنی و کۆمەڵایەتیی خەڵکی مەهاباد کە لە ئابی 2023 لە تاران دەستبەسەرکرا، بۆ ماوەی چەندین مانگ لە ژووری تاکەکەسیی ژێرزەمینەکانی گرتوخانەدا هێڵدراوەتەوە و لە مافی بنەڕەتیی هەبوونی پارێزەر بێبەش کراوە، دواجاریش بە تۆمەتی "ڕاپەڕینی چەکداری" (بەغی) سزای مردنی بەسەردا سەپێندرا.

 لە کاتێکدا یوسف ئەحمەدی، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی بانە کە لە نیسانی 2020ـەوە لە پشت شیشەکانی زیندانەوەیە، بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مرۆییەکان لەژێر ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و دەروونیدا بووە و لە چارەسەری پزیشکی بێبەش کراوە و بە هەمان تۆمەت سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکراوە.

هاوکات حاتەم ئۆزدەمیر، چالاکوانی سیاسیی کورد و هاوڵاتیی باکووری کوردستان (تورکیا) کە لە ساڵی 2019ـەوە لەسەر سنوورەکان دەستبەسەر کراوە، دوای پرۆسەیەکی "نادادپەروەرانەی لێکۆڵینەوە"، سزای لەسێدارەدانی لەلایەن دیوانی باڵاوە بە یەکجاری جێگیرکراوە.

لەبەرانبەر بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەسێدارەدانەکان لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا، چالاکوانی مافی مرۆڤ بەپەلە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە جیهانییەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ دەکەن کە فشارەکانیان بۆ سەر تاران چڕ بکەنەوە بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەم سزایانە و ڕێگریکردن لە خوێنڕشتنی زیاتری بەندکراوانی سیاسی لە ئێراندا.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.