ئەمڕۆ هەینی، 10ـی نیسانی 2026 عەلی مەنسوور، هونەرمەندی ناوداری شاری عامودای ڕۆژاڤای کوردستان لە تەمەنی 60 ساڵیدا، دوای ململانێیەکی درێژخایەن لەگەڵ نەخۆشی، کۆچی دوایی کرد.
بڕیاره هەر ئەمڕۆ تەرمەکەی لە زێدی خۆی لە شاری عامودا بە خاک بسپێردرێت.
عەلی مەنسور لە منداڵییەوە دەستی بەکاری هونەری کردووە و یەکێک بووە لەو هونەرمەندانەی بە هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی دەناسرێتەوە، ساڵانەش بەشداری ئاهەنگەکانی جەژنی نەورۆزی دەکرد و گۆرانی نەتەوەیی دەچڕی.
ساڵی 1982 کۆمەڵەی مەهابادی دامەزراند و تێیدا وەک نوسەری تێکست و ئاوازدانەر، ڕۆڵێکی باڵای گێڕا.
دواتر لە ساڵی 1986 لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی، کۆمەڵەی "ئاگری"ـیان لە شاری عامودا دامەزراند.
عەلی مەنسور، بەهۆی هەڵوێستە نەتەوەییەکانی و گۆرانییە شۆڕشگێرییەکانیهوه، لەلایەن ڕژێمی بەعسی سورییەوە دەستگیر دەکرێت، بەڵام دوای ئازادبوونی بە هەمان شێوەی پێشوو دەستیکردەوە بە هونەری شۆڕشگێڕی.