لیژنەی هەڵبژاردنی عێراقی بۆ خەڵاتەکانی ئۆسکار ڕایگەیاند کە فیلمی "بەهەشت نابینیت، ئەگەر ژن بتکوژێت" بەرهەمی دەرهێنەری کورد هەڵکەوت مستەفا، بە کۆدەنگی وەک نوێنەری فەرمیی عێراق بۆ باشترین فیلمی نێودەوڵەتی لە خولی داهاتووی ئۆسکار دیاری کرا.
لێژنەکە ستایشی دیدی دەرهێنەری فیلمەکە و تێکەڵکردنی توخمە هونەری و تەکنیکییەکانی کرد و ڕایگەیاند کە فیلمەکە چیرۆکە ناوخۆییەکان بە کوالێتییەکی بەرزی هونەری پێشکەش دەکات بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی جیهانی ڕکابەری بکات.
فیلمەکە باسی چیرۆکی ژنە پێشمەرگەیەکی قەناس بەدەست دەکات کە بە شێوەیەکی نهێنی دەچێتە ناو شاری مووسڵەوە بۆ ڕزگارکردنی خوشکە بچووکەکەی لە دەستی ڕێکخراوی داعش.
ناوی فیلمەکە لەو باوەڕەی چەکدارانی داعشەوە سەرچاوە گرتووە کە پێیان وابووە کوژران لەلایەن ژنێکەوە ئەوان لە بەهەشت بێ بەش دەکات.
لەم فیلمەدا ئەکتەری کورد ئاڤان جەمال لە ڕوڵی سەرەکیدا شانبەشانی ئەکتەری نەرویجی توربیۆرن هار رۆڵ دەبینێت، و بەرهەمێکی هاوبەشی وڵاتانی نەرویج، سوید، فەرەنسا، ئەمریکا، ئیمارات و هەرێمی کوردستانە.
هەڵکەوت مستەفا زیاتر بە فیلمە ناسراوەکەی " کلاسیکۆ" لە ساڵی ٢٠١٦ و هەروەھا دۆکیۆمێنتارییەکەی بە ناوی "شاردنەوەی سەدام حوسێن" ناوبانگی نێودەوڵەتی بەدەستهێنابوو.