زەینەب موراد، هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) ڕایگەیاند، پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەخشەی ڕابردووی سەدەیەک پێشتر دێنێتەوە یاد، بەڵام کوردانی ئەمڕۆ وەک جاران نین و لە هەر چوار پارچەی کوردستان ڕۆڵی پێشەنگ دەگێڕن.
زەینەب موراد ئاماژەی بەوەدا، کەنەکە بۆ دروستکردنی هەڵوێستێکی نەتەوەیی خەباتە دیپلۆماسییەکانی خۆی خێراتر کردووە و کە جگە لە مۆسکۆ، ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە داهاتوویەکی نزیکدا لقی لە واشنتۆنیش دەکرێتەوە.
زەینەب موراد سەرنجی ڕاکێشا بۆ بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجالان لە ٢٧ی شوبات و گوتی، ئەم بانگەوازە هێڵە چەقبەستووەکانی سیاسەتی کوردی کردووەتەوە و بۆ یەکێتیی نەتەوەیی زەمینەیەکی بەهێزی ڕەخساندووە.
ڕاشیگەیاند، پێویستە دەوڵەتی تورکیا زمانی "تیرۆر" وەلابنێت، بگەڕێتەوە سەر زمانی دانوستاندن و دۆخی ئۆجالان باشتر بکرێ.