کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی تورکیا (TPAO) لە چوارچێوەی "هەڵمەتی سەربەخۆیی وزە"دا، پڕۆسەی گەڕان و بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی لە باکوری کوردستان گەیاندووەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو.
ئەم پڕۆسەیە کە لە کێڵگەکانی گابار و جودی لە شەرناخ بە 40 هەزار بەرمیل دەستیپێکرد، لە ساڵی 2025دا گەیشتە 82 هەزار بەرمیل و بۆ ئەمساڵیش، 2026 ئامانجی ڕۆژانە کراوەتە 100 هەزار بەرمیل؛ بە شێوەیەک تەنیا لە ساڵی 2021ەوە 60 ملیۆن بەرمیل نەوتی خستووەتە ناو کەرتی وزەوە.
لەسەر ئاستی پارێزگاکانی دیکەش، لە ئامەد بە 314 بیری چالاک ڕۆژانە نێوان 15 هەزار بۆ 16 هەزار و 400 بەرمیل نەوت دەردەهێنرێت و بڕیارە ئەمساڵ بە لێدانی 100 بیری نوێ بگەیێندرێتە 20 هەزار بەرمیل.
هاوكات سێرت بە 60 بیری چالاک ساڵانە 1.2 ملیۆن بەرمیل نەوت دابین دەکات، بەڵام لە مێردین لە کۆی 133 بیر تەنیا 81ـیان چالاکن و بەرهەمی ڕۆژانەیان لە ژێر هەزار بەرمیلدایە.
کۆمپانیاکە لە ساڵی 2025دا 52 بیری نوێی لە باکوری کوردستان لێداوە و پلان هەیە تا کۆتایی 2026 نزیکەی 140 بیری دیکە لێبدات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئێستا زیاتر لە 2,000 بیری چالاک لە تورکیادا هەن و بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ 146 بیری نوێی دیکە زیاد بکرێن کە زۆربەیان دەکەونە باکووری کوردستان.
لە ئەنجامی ئەم هەوڵانەدا، بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی ناوخۆیی نەوتی خاوی تورکیا گەیشتووەتە 135 هەزار بەرمیل و کۆی بەرهەمی ساڵانەی 2025یش 47.9 ملیۆن بەرمیلی تێپەڕاندووە، کە گەشەکردنێکی 26%ی بەراورد بە 2024 تۆمارکردووە.
تورکیا تا ساڵی 2025 خاوەنی 507 ملیۆن بەرمیل یەدەگی سەلمێندراوی نەوتە و لە پلەی 48ـەمینی جیهاندا دێت، کە ئەمەش 0.029%ی کۆی یەدەگی نەوتی جیهان (1 تریلیۆن و 765 ملیار و 151 ملیۆن بەرمیل) پێکدەهێنێت.