ڕاستەوخۆ

پژاک: ئێران دەیەوێت بە سێدارە و تووندوتیژی دەنگی دادپەروەری لە کوردستان بێدەنگ بکات

reset font size increase font size

کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە ڕاگەیەندراوێکدا بەبۆنەی 43هەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی 59 لاوی کوردی شاری مەهاباد، سەرکۆنەی بەردەوامیی "سیاسەتی سەرکوتکاری، سێدارە و ڕێگەچارەی سەربازیی" کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر بە دۆزی کورد دەکات.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی پژاک، لە 2ی حوزەیرانی 1983، فەرمانداریی مەهاباد بە فەرمی لەسێدارەدانی 59 گەنجی کوردی ئەو شارەی ڕاگەیاند، کە زۆربەیان خوێندکاری ئامادەیی و تەمەنیان لەخوار 18 ساڵیدا بووە. 

پژاک دەڵێت: "ئەو گەنجانە لە مانگەکانی پێشتردا بە شێوەیەکی هەڕەمەکی لە سەر شەقامەکانی مەهاباد دەستبەسەر کرابوون و بەبێ دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە، بەبێ پارێزەر و هیچ بەڵگەیەکی یاسایی، سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا."

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، 48 کەس لەو دەستبەسەرکراوانە لە گرتووخانەی ورمێ و 11 کەسی دیکەیان لە گرتووخانەی تەورێز ڕاگیرابوون.

هەروەها دەڵێت: "بنەماڵەکانیان لە هیچ قۆناغێکی دادگاییکردنەکە ئاگادار نەکراونەتەوە و تاوەکو ئێستاش شوێنی نێژرانی تەرمی ئەو گەنجانە بە نادیاری هێڵدراوەتەوە." پژاک ئەم ڕووداوە بە یەکێک لە نموونە هەرە دیارەکانی "کۆمەڵکوژیی ڕێکخراو" لە مێژووی هاوچەرخی کوردستاندا پێناسە دەکات.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوای جێبەجێکردنی سزاکان، دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ ڕێگریکردن لە خۆپێشاندانی جەماوەری، باری نائاساییان لە شاری مەهاباد ڕاگەیاند، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، خەڵکی مەهاباد و بنەماڵەی قوربانییان ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ دەربڕینی توڕەیی خۆیان و داواکردنی ڕوونکردنەوە.

پژاک هاوکات ئاماژە بە بەردەوامیی لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسی و ئەمنی لە ئێران دەکات و دەڵێت: "سیاسەتی چەند دەیە لەمەوبەری دەسەڵات لە پشتبەستن بە ڕێگەچارەی سەربازی و توندوتیژی بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ئازادیخوازی و دادپەروەری لە کوردستان، وەک خۆی بەردەوامە."

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، پژاک وێڕای سەرکۆنەکردنی توندی لەسێدارەدانی ئەو59گەنجەی مەهاباد، جەختی لەسەر مافی گەلی کورد بۆ گەیشتن بە ئازادی و مافە دیموکراتییەکان کردووەتەوە و داوای لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەو لەسێدارەدانانە و پێشێلکارییەکانی دیکەی مافی مرۆڤ لە کوردستان دەکات.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان