بەپێی دوایین ڕاپۆرتى نەتەوەیەکگرتووەکان ساڵانە 50 هەزار ژن و کچ لەلایەن هاوژینەکانیان یان کەسە نزیکەکانیان یان ئەندامانی دیکەی خێزانەکانیانەوە دەکوژرێن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ڕۆژانە 137 ژن لە وڵاتانى جیهان لەلایەن ئەندامێکی خێزان یان هاوژینیانەوە دەکوژرێن، سەرەڕاى بوونى ئەم ئامارە مەترسیدارە، بەڵام بەشێک لە وڵاتان ئاماژە بە کوشتنى ژنان ناکەن.
بەپێی ڕاپۆرتێکى چاودێری توندوتیژی لە مانگی ئازار لە شارەکانی باکورى کوردستان و تورکیا، توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان بەردەوامە، بەڵام بکەران سزا نادرێن.
دەشڵێن، زۆرجار تاوانبارەکە ئەو پیاوەیە کە لە ژنەکەوە نزیکترینە و توندوتیژییەکە لەو شوێنانەدا ڕوودەدات کە بە "سەلامەتترین" شوێن دادەنرێت و تێیدا بڕیارەکانى پاراستن پێشێل دەکرێن.
باسلەوەشکراوە، سکاڵاکان پشتگوێ دەخرێن و ژنان بە بەردەوامی بە تەنها دەمێننەوە ئەوەش وایکردووە گیانلەدەستدانی گوماناوی ژنان بەردەوام بێت.
ئەوەشخراوەتەڕوو، ژنان پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە دەبێت ئەو کەسانەى توندوتیژیان بەرامبەر کردوون سزا بدرێن.
بەپێى ئاماژەکانى ڕێکخراوەکانى ژنان، تەنها لە مانگى ئازارد لە شارەکانى باکورى کوردستان و ناوچەکانى دیکەى تورکیا 29 ژن و دوو منداڵ کوژراون.