نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا رووی لە بەرزبوونەوە کرد، ئەم بەرزبوونەوەیە لە کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە خولی سێیەمی دانوستانە ئەتۆمییەکان، لە نێوان تاران و واشنتن، لە جنێڤ بەڕێوەدەچێت.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە ڕێژەی 0.46٪ زیادیکرد و گەیشتە 71 دۆلار و 44 سەن، هاوکات نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکا بە هەمان رێژە بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی و بە 66 دۆلار و 65 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
چاودێرانی بازاڕی وزە پێیانوایە، لە ئەگەری بەردەوامیی گرژییەکان، نرخی نەوت بۆ سەروو 72 دۆلار هەڵدەکشێت، لەبەرانبەریشدا، هەر ئاماژەیەک بۆ کەمبوونەوەی ئاڵۆزییەکان، دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی نەوت بۆ دەوروبەری 61 دۆلار.