بەهۆی چڕبوونەوەی هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە و تێکچوونی دۆخی تەناهی لە ناوچەکە، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بازدانێکی نوێی بەخۆوە بینی و نرخی بەرمیلێک نەوتی خاو ئاستی 111 دۆلاری تێپەڕاند.
جێی باسە کە تەنیا لە دوای هێرشەکەی سەر سعودیە، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتە 111 دۆلار و 29 سەنت، هاوکات نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکیش بە بڕی دوو دۆلار و 31 سەنت بەرزبووەوە و بە 107 دۆلار و 73 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە شارەزایانی وزە و ئابووری ئاماژە بەوە دەکەن کە تەنیا هێرشەکان هۆکار نین، بەڵکو چارنووسی نادیاری جەنگ و ململانێی نێوان جەمسەرەکانی هێز لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی گرژییەکانی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل، لەگەڵ بە ئامانجگرتنی وێستگە ئەتۆمی و وزەییەکانی ئیمارات و سعودیە، هۆکاری سەرەکین بۆ دروستبوونی ئەم دڵەڕاوکێیە لەلای وەبەرهێنەران و ناجێگیری و بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخەکان لە بازاڕەکانی وزەی جیهانیدا.