تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکرد، لە خۆپیشاندانەکانی ئەمدواییەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ٢٠٧ هاووڵاتیی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هێزەکانی حکومەتی ئێرانەوە کوژراون.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، هەزاران کەس لە خۆپیشاندەران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێران کوژراون، رێژەی زۆرترین قوربانییەکانی کورد، لە شاری کرماشان و دواتر لە پارێزگای تاران بووە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بە رێژەی سەرکوت و کوشتاری خۆپیشاندەران کردووە و دەڵێت، ئاستی سەرکوتی ئەمجارە، لە مێژووی دەسهڵاتداری ئەم حکومەتەدا، بی وێنە بووە و بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان حکومەت چەکی جەنگیی بەکارهێناوە.
راپۆرتەکە ئاماژەی بە راگرتنی هێڵەکانی ئینتەرنێت و تۆڕەکانی پهیوەندی کردووە، لە لوتکەی راپەڕین و خۆپیشاندانەکاندا حکومەت بە راگرتنی هێڵەکانی پهیوەندی، بەدەستهێنانی زانیاریی ورد و تۆمارکردنی حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤی، رووبەڕووی ئاستەنگی زۆرکردوهتهوه.
راشیگەیاندووە، هێزە ئەمنییەکانی حکومەت هەڕەشە لە بنەماڵەی قوربانییەکان دەکەن کە هەواڵ و زانیاریی کوژرانی منداڵەکانیان بڵاونەکەنەوە، هەروەها حکومەتی ئێران، بۆ رادەستکردنەوەی تەرمی كوژراوان، یان پارەیەکی زۆری لە بنەماڵەکان وەرگرتووە، یان ناچاریکردوون هۆکاری کوژرانی منداڵەکانیان بشارنەوە و قوربانییەکانیان وەک ئەندامی هێزەکانی "بەسیج" بناسێنن.