لە گەرمەی شەڕی ئێران و هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کشانەوەی لە ناتۆ، شەڕێکی دیکە، بە خامۆشی دادەگیرسێت و ئەو پرسیارەش دروست دەبێت ئەگەر ئەمەریکا کشایەوە کێ هێزەکانی ئەوروپا پڕ چەک دەکات؟.
هەرچەندە وڵاتانی ناتۆ تا ئێستا بە بەهاى نزیکەی 10 تریلیۆن دۆلار چەکیان لە ئەمەریکا کڕیوە، وەک مارک ڕوت، سکرتێری گشتی ناتۆ دەڵێت، هاوپەیمانیەکە "بە پێگەیەکی بەهێزەوە" دەچێتە ناو ساڵی 2026، هەموو هاوپەیمانان خەرجییەکانی بەرگرییان بۆ یەکەمجار لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا گەیشتە 2%ـى بەرهەمی ناوخۆیی.
بەڵام ئەم ژمارەیە ترەمپی دڵخۆش نەکرد و هاوپەیمانەکانی بە " ترسنۆک" وە "پڵنگی کاغەز" وەسفکردووە وەک لە ڕۆژنامەی لۆفیگارۆی فەرەنسی بڵاوکراوەتەوە، ئەویش بەهۆی ڕەتکردنەوەی وڵاتانی ئەوروپا لە هاوکاریکردنی سوپای ئەمەریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز.
بەگوێرەی پەیمانگای پەیوەندییە نێودەوڵەتی و ستراتیژییەکان (IRIS)، لە مانگی ئازاری 2025، کۆمیسیۆنی ئەوروپا پڕۆگرامی " پڕچەککردنی ئەوروپا "ی پەسەندکردوە کە نزیکەی 800 ملیار یۆرۆ قەبارەکەیەتی."
" لە ئێستادا زۆرینەی وڵاتانی ئەوروپا بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەر دوژمنێکیاندا بە پلەی یەکەم پشت بە ئەمریکا دەبەستن" وەک دۆناڵد ترەمپ دەڵێت.
ئەم لێدوانانەی ترەمپ تادێت پاڵ بە ئەوروپاوە دەنێت بەرەو سەربەخۆیی ستراتیژی خۆی بڕوات. وەک ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لە ساڵی 2024 ڕایگەیاند: ئەوروپایەک بونیاد دەنێین کە توانای سەلماندنی ئەوەی هەبێت کە هەرگیز ملکەچی ئەمریکا نابێت.
بەڵام پەیمانگای پەیوەندییە نێودەوڵەتی و ستراتیژیی IRIS دەڵێت کەلێنی گەورە لە نێوان وتاری سەرکردەکان و واقیعدا هەیە، بەو پێیەی تێچووی "ناتۆ بەبێ ئەمریکا"ی بە یەک ترلیۆن دۆلار و ماوەی 25 ساڵ هەیە.
لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەشی پەیمانگای بروگێلی بەلجیکی و دامەزراوەی کێلی ئەڵمانی بۆ ئابووری جیهانی پێی وایە ئەوروپا پێویستی بە 300 هەزار سەربازی زیادە و ساڵانە بەرزکردنەوەی خەرجییە سەربازییەکانی بۆ 290 ملیار دۆلار هەیە، بۆ ڕێگرکردن لە هەر هێرشێکی ڕوسیا.
بەڵام شارەزای فەرەنسی ئۆلیڤیێر دوزۆن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی لی دیپلۆمات ڕایگەیاند: "ئەوروپا بەردەوامە لە فریودانی خۆی، بەبێ پرۆگرامێکی چەکدارکردنەوەی تەواو، بەبێ ئیرادەیەکی سیاسی، ئەوروپا وەک کۆلۆنۆنییەکی ئامادەکراو دەمێنێتەوە".
باڵیۆزی پێشووی ئەڵمانیا لە واشنتۆن، ڤۆڵفگانگ ئیشینگەر هۆشداری دەدات، " کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا سەرکەوتنێکی ستراتیژی دەبێت بۆ ڕووسیا، دەرکردنی ئەمریکا لە ئەوروپا ئامانجی ستراتیژی سەرەکی کرێملین بووە لە سەردەمی سۆڤیەتەوە."
لە کۆتاییدا ئەوروپا ڕووبەڕووی دووڕیانێکی سەخت دەبێتەوە چونکە ناتۆیەک چیتر جێی باوەڕ نییە، ترەمپ بڕیارەکانی پێشبینینەکراوە، یەکێتی ئەوروپاش هێشتا سەرچاوە و ئیرادەی سیاسیی ڕوونی نییە.