مەسرور بارزانی لەگەڵ ئەردۆغان و بەرپرسانی باڵای تورکیا کۆبوونەوە و تاوتوێ پێشهاتەکانی ناوچەکەیان کرد، ئەردۆغان نیگەرانیی خۆی لەبەرانبەر هێرشەکانی سەر هەولێر نیشاندا.
ئەمڕۆ شەممە، 9ـی ئایاری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی تورکیای کرد و لەگەڵ سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە و گەورە بەرپرسانی تورکیا کۆبووەوە.
لە دوای کۆبوونەوەکەش، سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکەوە بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، ئەردۆغان سوربوونی وڵاتەکەی بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەریی دووپاتکردووەتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، ئەردۆغان نیگەرانیی خۆی لە هێرشەکانی سەر هەولێر بە مەسرور بارزانیی ڕاگەیاندووە.
ئاژانسی ئانادۆڵوی سەر بە حکومەتی تورکیاش دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا، هەریەک لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی و ئاڵپ ئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا بەشدار بوون.