مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پڕۆسەی یەکگرتنی دامەزراوە سەربازی، ئیداری و خزمەتگوزارییەکانی ڕۆژاڤا و حکومەتی کاتیی سوریا، لە دیمەشق کۆبوونەوە.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ڕۆژاڤا، لە شاری دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکومەتی کاتیی سوریا کۆبوونەوە.
هاوکات لەم دیدارەدا ئەسەد شەیبانی، وەزیری کاروباری دەرەوەی حکومەتی کاتیی و زیاد عایش، نوێنەری سەرۆکی حکومەت ئامادە بوون.
تەوەرەی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تەرخانکرابوو بۆ گفتوگۆکردن لەسەر تەواوکردنی پڕۆسەی یەکگرتنی دامەزراوەکان لە چوارچێوەی دەزگاکانی دەوڵەتدا.
میدیاکانی سەر بە حکومەتی کاتیی سوریا بڵاویان کردەوە، لە دیدارەکەدا باس لە ڕێگەکانی پەرەپێدانی هەماهەنگی و بەدواداچوون بۆ هەنگاوە کردەییەکانی پەیوەست بە یەکگرتنی دامەزراوە سەربازی و کارگێڕییەکان لەناو پێکهاتە فەرمییەکانی دەوڵەتدا کراوە.