چوار مانگ بەسەر واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی 29ی کانوونی دووەمدا تێدەپەڕێت، بەڵام تاوەکو ئێستا دۆسیەی دیلەکان نەگەیشتووەتە هیچ ئەنجامێکی کۆتایی.
لەمبارەیەوە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هاوار ڕایگەیاند، حکومەتی کاتیی سوریا دۆسیەی دیلەکان وەک کارتێکی گوشار دژی ئەوان بەکاردەهێنێت.
مەزڵوم عەبدی بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەک ئاماژەی بەوە کرد کە هێشتا نزیکەی 400 دیل، کە پێکهاتوون لە هاووڵاتیی سڤیل و شەڕڤانان، ئازاد نەکراون.
هاوكات پرۆسەی ئاڵوگۆڕی پێشووی بەمشێوەیە خستە ڕوو، کۆمەڵەی یەکەم لە 10ی ئازاردا بە ئاڵوگۆڕی 100 بە 100.
کۆمەڵەی دووەم لە 19ی ئازاردا بە ئاڵوگۆڕی 300 بە 300، کۆمەڵەی سێیەم لە 11ی نیساندا بە ئازادکردنی 400 دیل لە بەرانبەر 91 دیلی حکومەت.
دواجاریش کۆمەڵەی چوارەم لە 8ی ئایاردا کە 232 کەس بوون ئازادکراون، ڕاشیگەیاند کە بەرپرسانی حکومەتی کاتی بەڵێنیان داوە بەر لە جەژنی قوربان کێشەی ئەم دۆسیەیە بە تەواوی کۆتایی پێبهێنن.
لە لایەکی دیکەوە، سیپان حەمۆ، جێگری وەزیری بەرگریی حکومەتی کاتیی سوریا، ڕەخنەی لە هێشتنەوەی دۆسیەکە گرت و ڕایگەیاند کە قۆستنەوە و ئیستغلالکردنی دۆخی بنەماڵەی دیلەکان کارێکی باش نییە، و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش لەسەر ئاستی وەزارەت بە شێوازێکی فەرمی کار دەکەن بۆ ئەوەی دۆسیەکە بە یەکجاری چارەسەر بکەن.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە لە ڕۆژاوای کوردستان و بە تایبەت لە ناوچەکانی جزیرە و کۆبانێ، ڕۆژانە کەسوکاری دیلەکان گردبوونەوە و خۆپێشاندانی ناڕەزایەتی ئەنجام دەدەن و داوای ئاشکراکردنی چارەنووس و ئازادکردنی دەستبەجێی ڕۆڵەکانیان دەکەن.