مەراڵ دانش بەشتاش، پەرلەمانتار و ئەندامی کۆمسیۆنی دیموکراسی، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هاوار تیشکی خستە سەر ئاستەنگە گەورەکانی بەردەم پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و ڕایگەیاند، سەرەڕای پیشاندانی ئیرادەیەکی پۆڵایین و بەهێز لەلایەن عەبدوڵا ئۆجالانەوە بۆ گەیشتن بە ئاشتی، بەڵام دەسەڵاتی ئێستای تورکیا وەک گەورەترین و تاکە ڕێگری بەردەم گەشەسەندنی ئەم پڕۆسەیە دەردەکەوێت.
بەشتاش ئاماژەی بەوە کرد کە لە ڕەشنووسی کۆمیسیۆنی پەرلەمانیدا جەخت لەسەر پێویستی جێبەجێکردنی هەنگاوە یاساییەکان کراوەتەوە و هەر لەسەر ئەم بنەمایەش پەکەکە هەڵوەشاندنەوەی خۆی وەک گرنگترین هەنگاوی پڕۆسەکە ڕاگەیاند، بەڵام حکومەت تا ئێستا نەیتوانیوە ژینگەیەکی متمانەپێکراو بخوڵقێنێت، چونکە لەسەرانسەری جیهاندا باوە کە حکومەتەکان بەر لە چەکدانانی هەر لایەنێک کۆمەڵێک گەرەنتی یاسایی پێشکەش دەکەن، کەچی لە تورکیادا هیچ گەرەنتییەک بۆ گەڕانەوەی ئاشتییانەی گەریلاکانی پەکەکە بۆ ناو کایەی مەدەنی بوونی نییە.
لە کۆتایی لێدوانەکەشیدا بەشتاش جەختی کردەوە کە بەڕێوەبەری سەرەکی پڕۆسەکە ئۆجالانە و پێویستە دیاریکردنی پێگەی یاسایی و سیاسی ئەو لەلایەن دەسەڵاتەوە نەکرێتە بابەتی مشتومڕ و کات کوشتن، بەڵکو دەبێت بە زووترین کات پێگەکەی ڕوونبکرێتەوە تاوەکو پڕۆسەکە لە بنبەست ڕزگار بکرێت و هەنگاوی کردەیی بەرەو ئاشتییەکی سەرتاسەری بنرێت.