ڕاستەوخۆ

مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردی لەنێوان قەڵەم و ئاگردا

reset font size increase font size

کاتێک نەتەوەیەک لە غیابی دەوڵەتدا دەبێتە خاوەنی ڕۆژنامە، واتە 'وشە' دەبێتە دواین سەنگەری مانەوە؛ 128 ساڵ لەمەوبەر و لە 22ـی نیسانی 1898، مقداد مەدحەت بەدرخان، لە قاهیرەوە تەنیا ڕۆژنامەی 'کوردستان'ـی بڵاونەکردەوە، بەڵکو نەخشەی دەوڵەتێکی مەعریفیی کێشا کە تێیدا پێنووس بووە قەڵغان و مەرەکەب بووە خوێنی دەمارەکانی ناسنامەی نەتەوەیەک.

لەکۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا، تورک، عەرەب، فارس خەریکی گۆڕینی شێوازی دەسەڵاتیان بوون بەرەو مۆدێرنێت، کورد لەناو گێژاوی کۆمەڵگەیەکی داخراو و نەخوێندەوارییەکی سەپێنراودا، بەهەنگاونانی بەرەو دنیای رۆژنامەگەری توانی لەقاوغ دەربچێت و بەربەستەکانی سنوری ئازادی ببڕێت.

ڕۆژنامەگەریی کوردی لە مێژووی خۆیدا تەنیا ئامرازێکی گواستنەوەی زانیاری نەبووە، بەڵکو پڕۆژەیەکی سیاسی و نەتەوەیی بوو، ئەمڕۆ کە یادی دەرچوونی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی دەکەینەوە، مێژوویەک دەخوێنینەوە کە تێیدا کوردستانی بەدرخانییەکان لە تاراوگە بووە کۆکەرەوەی هەموو ئەو پارچانەی کە دەسەڵاتە سیاسییەکان لێکیان دابڕیبوون.

ئەوکاتەی دەسەڵاتی عوسمانییەکان ڕێگرییان لە هەر بزووتنەوەیەکی ڕۆشنبیریی دەکرد، مقداد مەدحەت بەدرخان، لە غەریبی و لە دەرەوەی کوردستان و لە ناو جەرگەی ململانێی ئیمپراتۆریەتەکاندا ڕۆژنامەی کوردستانی دەرکرد.

کورد خاوەنی قەوارەیەکی سیاسیی سەربەخۆ نەبووە، بەڵام گۆڤارو ڕۆژنامەکانی کردە پەناگەیەک بۆ پاراستنی ڕێزمان و شێوەزارەکان و هەستی نەتەوەیی لەناو تاکەکاندا وتوانی سنورە دەستکردەکان ببەزێنێت.

لە کاتی جەنگ و کۆچ و کارەساتەکانیشدا ڕۆژنامەگەری تاکە مینبەربوو بۆ ناساندنی دۆزی کورد بە جیهان، لە مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردیدا هەزاران ناونیشانی ڕۆژنامە و گۆڤار تۆمارکراون، هەندێکیان لەوانە وەک وەرچەرخان لەمێژوودا دەبینرێن لەوانە، گۆڤاری هاوار لە ساڵی 1932 کە جەلادەت بەدرخان، لە دیمەشق چاپی دەکرد، بنەمای ئەلفوبێی لاتینی بۆ زمانی کوردی داڕشت، ڕۆژنامەی (ژیان و ژین)یش لە سلێمانی ڕۆڵێکی گەورەیان هەبوو لە گەشەپێدانی ئەدەبیاتی کوردی.

لە سەردەمی شۆڕشەکانیشدا ئەوکاتەی کورد ڕۆژنامەگەری وەک چەکێکی کاریگەر بەکاردەهێنا، بەشی کوردی ڕادیۆی بەغداد لە ساڵی 1939 و ڕادیۆکانی شۆڕش وەک دەنگی کوردستانی عێراق ڕۆڵیان هەبوو لە وزەبەخشین بە تاکی کورد، ڕادیۆکانی شۆڕش لە شاخەکانەوە تەنیا هەواڵیان نەدەگواستەوە، بەڵکو بە سروود و هۆنراوەی بەرگریی هێڵی پەیوەندی نێوان پێشمەرگە و جەماوەریان زیندوو ڕاگرت.

دوای ڕاپەڕینی 1991یش میدیای بینراوی کوردی گەشەیەکی خێرای بەخۆوە بینی، ساڵی 1995 وەرچەرخانێکی مێژوویی بە دەستپێکردنی یەکەمین کەناڵی ئاسمانیی کوردی (Med TV)بوو، توانی بۆ یەکەمجار کوردانی هەر چوار پارچە لە لەدەوری یەک شاشە کۆبکاتەوە.

ئەمڕۆ کە یادی 128 ساڵەی ڕۆژنامەگەریی کوردی دەکەینەوە، کورد خاوەنی دەیان کەناڵی ئاسمانی، سەدان ماڵپەڕی هەواڵی و ڕۆژنامەیە، هەرچەندە هێشتا دەوڵەتێکی سەربەخۆمان نییە، بەڵام "دەوڵەتی وشە"ی کوردی سنورەکانی بەزاندووە.

ڕۆژنامەگەریی کوردی لە 22ـی نیسانی 1898وە تاوەکو 22ـی نیسانی 2026، چیرۆکی نەتەوەیەکە کە دوژمنان نەیانتوانیوە بێدەنگی بکەن، ئەم مێژووە سەلماندی کە مەرەکەبی قەڵەم  وەک خوێنی جەنگاوەران کاریگەرە بۆ مانەوەی نەتەوە، ئەم یادەش سڵاوێکە بۆ هەموو ئەو قەڵەمە بوێرانەی لە پێناو ڕاستی و ئازادیدا تێکۆشاون.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.