ئامادەکردنی/ ئازاد عەلی
ململانێی ئەمریکا و ئێران تەنها کێشەیەکی هەرێمی نییە، بەڵکو بەشێکە لە گۆڕانی سیستمی جیهانی بەرەو جەمسەربەندی نوێ. ئەم بابەتە بەهۆی کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئاسایشی وزە و ڕێڕەوە دەریاییەکان و هەروەها باڵادەستی لە ڕووی تەکنەلۆژی و سەربازییەوە، بایەخێکی ستراتیژی بۆ بازاڕە جیهانییەکان و سەقامگیریی نێودەوڵەتی هەیە.
چەمکی ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە وەک ستراتێژی و دووبارە داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێگەی پەیمانی ئیبراهیمی وەک ئامانجی ئەمریکا، تێگەیشتن لە جەنگی نوێ و گۆشەگیرکردنی ئێران بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی نافەرمیی سەرچاوەکانی نەوت زیاتر ئاشکرا دەکات.
یەکێک لە ئامانجەکانی کۆنترۆڵی سەرچاوەکانی وزە، پەکخستنی دەستڕاگەیشتنی چین بە نەوتی هەرزانە. ئەمە دەتوانێ دەرچە ستراتیژییەکانی پڕۆژەی "ڕێگەی ئاوریشمی نوێ" تووشی ئاستەنگی گەورە بکات. دەرئەنجامی ئەم جەنگە دەتوانێت ئێران لە هاوبەشێکی ستراتیژیی چینەوە بگۆڕێت بۆ بارگرانییەک کە تێچووی سیاسی و ئابووریی پاراستنی تاران بۆ پەکین لە قازانجەکەی زیاتر بکات.
ستراتیژی ئەمریکا لە هاوکێشەی ئێراندا بەرانبەر بە ڕوسیا، لەسەر بنەمای پچڕانی هاوپەیمانیی نێوان تاران و مۆسکۆ بونیاد نراوە، بەتایبەت لە دوای شەڕی ئۆکرانیا کە ئەم هاوپەیمانییە گۆڕاوە بۆ هاوبەشییەکی سەربازیی مەترسیدار.
واشنتن دەیەوێت لە ڕێگەی لاوازکردنی ئێران، ڕوسیا لە یەکێک لە گرنگترین دابینکارەکانی پێداویستیی جەنگی ئۆکرانیا بێبەش بکات. بەمشێوە گوشارێکی کاریگەر دەخاتە سەر پوتین تا لە دۆسیە نێودەوڵەتییەکانی دیکەشدا مل بە مەرجەکانی واشنتن بدات.
لە لایەکی دیکەوە دۆخی ناوخۆیی و سەربازیی ئێران نیشانی دەدات، حکومەت لەبەردەم سێکوچکەیەکی مەترسیداردایە؛ هێرشەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی توانا و هێزی سەربازیی ئێرانیان ئاستێکی زۆر پەکخستووە، قەیرانی شەرعییەت و ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکانیش مەترسییەکی وجودیی لەسەر سیستمکە دروست کردووە و هەروەها کەمبوونەوەی توانای گروپە چەکدارەکان لە ناوچەکەدا دەستی تارانی لە جەنگ و دانوستانەکاندا لاواز کردووە. هەموو ئەمانە ئاسۆکانی ئاگربەست لە پێکهێنانی ئاشتیدا بە لێڵی دەهێڵێتەوە.