ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا ڕایگەیاند کە نابێت وڵاتانی دەرەکی کار بۆ زاڵکردنی پێکهاتەیەکی دیاریکراو بەسەر پێکهاتەکانی دیکەی سووریادا بکەن، جەختیشی کردەوە کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی ئەو هێزانەی لە شەڕی دژ بە داعشدا جەنگاون.
ئیمانوێل ماکرۆن لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا لە سوریا ئاماژەی بەوە کرد، فەڕەنسا هێزێکی تایبەت ئامادە دەکات بۆ پشتیوانیکردنی ئەو هێزانەی هاوبەشی وڵاتەکەن و لە جەنگی دژ بە داعشدا بەشدار بوون، هاوکات دەرفەتیش بۆ پڕچەککردنیان دەڕەخسێنێت.
سەرۆکی فەڕەنسا باسی لە هەنگاوە دارایی و یاساییەکانی وڵاتەکەی کرد و گوتی: "فەڕەنسا یەکەم وڵات بووە کە هەنگاوی یاسایی بەرامبەر بە دەستبەسەرداگرتنی موڵک و سامانی حکومەتی پێشووی سوریا ناوە."
ماکرۆن ئاشکرای کرد کە بە بڕی ٥٠ ملیۆن یۆرۆ (یاخود دۆلار) لەو پارە دەستبەسەرکراوانە، لە ڕێگەی پڕۆژەی جیاوازەوە دەگەڕێنرێتەوە بۆ گەلی سوریا بەمەبەستی سوودمەندبوونیان لە بونیادنانەوەی وڵاتەکەیاندا.