پڕۆژەی 'ڕووناکی'ی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری فەرمی دەچێتە قۆناغێکی نوێوە و مانگی داهاتوو لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
حازم کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای گەرمیان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە پڕۆژەکە تاوەکو ئێستا سەرانسەری هەرێمی کوردستانی نەگرتووەتەوە، بەڵام بەگوێرەی پلانەکان لە مانگی داهاتووەوە لە گەرمیان دەستپێدەکات.
ئاماژەی بەوەش کردووە، بۆ سووککردنی باری دارایی هاووڵاتیان، لە سێ مانگی یەکەمی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەدا داشکاندن پسوولەی کارەبای گشتیی هاوبەشانی سنوورەکە دەگرێتەوە.
جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە لە نێو هاوڵاتیاندا دەنگدانەوە و ڕای جیاوازی لێکەوتووەتەوە؛ لە کاتێکدا بەشێکیان بە هۆی دابینکردنی وزەی بەردەوامەوە بە ئەرێنی دەبینن، بەشێکی دیکەیان نیگەرانن لەوەی نرخەکەی بەرز بێت و لەگەڵ دۆخی دارایی و گیرفانیاندا نەگونجێت.
لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای گەرمیان هۆشداریدا و ڕایگەیاند کە لەم سیستەمە نوێیەدا نرخی کارەبا وەک پێشتر نامێنێت و بەرزدەبێتەوە، بۆیە پێویستە هاووڵاتیان بە تایبەت لە وەرزی هاویندا بۆ خۆفێنککردنەوە دەست بە بەکارهێنانی ئەو ئامێرانەوە بگرن کە کارەبایەکی زۆر دەبەن و ئامێری جێگرەوە بەکاربهێنن بۆ ئەوەی بڕی پسوولەکانیان لەسەر زیاد نەبێت.