پایتەختی ئەڵمانیا ئامادەکاری دەکات بۆ میوانداریکردنی کۆنسێرتێکی گەورەی موزیکی بە مەبەستی کۆکردنەوەی هاوکاریی دارایی و مرۆیی بۆ دانیشتووانی ناوچەکانی ڕۆژاڤای کوردستان.
لە ژێر دروشمی "بەرلین بۆ ڕۆژاڤا"، بڕیارە لە یەکی مانگی حوزەیرانی داهاتوودا، کۆنسێرتێکی گەورەی خێرخوازی لە شاری بەرلین بەڕێوە بچێت کە تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندە ناودارەکانی بواری موزیکی ئەڵمانی بەشدار دەبن بۆ ئەوەی لە ڕێگەی هونەرەکەیانەوە پەیامی ئاشتی و هاوسۆزی بگەیەنن.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی ڕێکخەرانی کۆنسێرتەکە، سەرجەم داهات و بەخشینە داراییەکانی ئەم چالاکییە بۆ پڕۆژە مرۆییەکانی ڕۆژاڤای کوردستان تەرخان دەکرێن، بەتایبەتی بۆ پشتگیریکردنی کەرتی تەندروستی و بونیادنانەوەی ئەو ژێرخانە مەدەنییانەی کە بەهۆی شەڕ و هێرشە بەردەوامەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە.
ڕێکخەران ئاماژە بەوە دەکەن، ئامانجی ئەم دەستپێشخەرییە بەهێزکردنی پردی هاوپشتیی نێودەوڵەتی و وەستانەوەیە دژی ستەم.
هاوكات پێشبینی دەکرێت بە هەزاران هاوڵاتیی کورد لە سەرجەم بەشەکانی کوردستان و ڕەوەندی کوردی لە ئەوروپا بەشداریی تێدا بکەن و لە ئێستاشەوە تکتی چوونەژوورەوەی کۆنسێرتەکە خراوەتە بازاڕەوە.