بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە یەکێک لە گوندەکانی دەوروبەری دیواندەرە، مەریەم مورادیان، سیرووس حەمیدی و کچە تەمەن 16 ساڵەکەیان بە ناوی کوردیا حەمیدی بەبێ بوونی هیچ بڕیارێکی دادوەری دەستگیر کردوون.
سەرەڕای ئەوەی کچە تەمەن 16 ساڵەکە دوای چوار ڕۆژ ئازاد کراوە، بەڵام دایک و باوکی هێشتا لە زیندانن و ڕێگەیان پێ نادرێت پارێزەر ببینن یان چاویان بە خێزانەکەیان بکەوێت.
ئەم دەستگیرکردنانە لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوە مافییەکان نیگەرانیی خۆیان لە بەرامبەر زیادبوونی ڕێژەی دەستگیرکردنی منداڵان و هاووڵاتییان لە ئێران دەربڕیوە، بە جۆرێک پێشتر یونسێفیش داوای ئازادکردنی منداڵە دەستبەسەرکراوەکانی کردبوو.