ڕاستەوخۆ

پژاک: ئایندەی ئێران دەبێت لەسەر بنەمای دیموکراسی و خۆبەڕێوەبەری بونیاد بنرێت

reset font size increase font size

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) شەش چەمک و بنەمای سیاسیی خۆی بۆ ئایندەی ئێران و قۆناغی دوای کۆماری ئیسلامی ڕوون دەکاتەوە؛ چەمک و بنەمایەک کە جەخت لەسەر دیموکراسی، نامەرکەزییەت، مافەکانی ناسنامە جیاوازەکان و گەشەپێدانی ئابووریی کۆمەڵگەیی دەکەنەوە.

پژاک ئەم شەش تەوەرەیە وەک بنەماکانی مۆدێلی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆی بۆ ئێرانی داهاتوو دەخاتەڕوو:

١. سیاسەتی دیموکراتیک

کۆتاییهێنان بە قۆرغکردنی سیاسەت لەلایەن حزب، تاک، گرووپ و ڕەوتە دەسەڵاتخوازەکانەوە، و دابینکردنی بەشداریی ڕاستەوخۆی سەرجەم توێژەکانی کۆمەڵگە و ناسنامە جیاوازەکان لە بڕیاردان و بەڕێوەبردنی کاروباری سیاسی.

٢. کۆماری دیموکراتیک

دامەزراندنی سیستەمێکی سیاسی لەسەر بنەمای فرەیی و نامەرکەزییەت، بەجۆرێک کە بەشداریی هەموو کۆمەڵگە نەتەوەیی، ئایینی، کولتووری و ڕەگەزییەکان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، بەبێ هیچ جۆرە جیاوازییەک، مسۆگەر بکات.

٣. یەکگرتوویی دیموکراتیک

کۆتاییهێنان بە ئاسیمیلاسیۆن و توانەوەی کولتووری و زمانیی ناسنامەکان، و داڕشتنەوەی پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگە، هەروەها نێوان ناسنامە جیاوازەکانی ناو وڵات، لەسەر بنەمای دەستوورێکی دیموکراتیک کە ماف و ئازادیی هەموو پێکهاتەکان بپارێزێت.

٤. خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک

دامەزراندنی شێوازەکانی خۆبەڕێوەبەریی ناوخۆیی لە ناوچە جیاوازەکان و دیاریکردنی پێگەیەکی سیاسیی فەرمی بۆ ناسنامە ژێرچەوساوەکان، لەوانە کورد، بەلووچ، عەرەب، تورک و تورکمان. ئەم خۆبەڕێوەبەرییە لە خوێندن بە زمانی دایکەوە تا کاروباری ئابووری، پاراستنی ئاسایش و بڕیاردانی سیاسی لە ئەنجومەنە دیموکراتیکەکانی خەڵکدا دەگرێتەوە.

٥. فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی"

کردنی ئازادیی ژنان، یەکسانیی ڕەگەزی، پاراستنی ژینگە و هەموو شێوەکانی ژیان، پاراستنی کرامەت و مافی هەر هاووڵاتییەک، و ئازادیی بیرکردنەوە، دەربڕین و ڕێکخستن بە پێوەری سەرەکیی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی.

٦. ئابووریی کۆمەڵگە-تەوەر

دامەزراندنی سیستەمێکی ئابووری کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و پێداویستییەکانی کۆمەڵگە بێت و دژایەتیی هەموو شێوەکانی گەندەڵی، قۆرغکاری و چەوساندنەوە بکات.

لەم مۆدێلەدا، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لە بواری کار و چالاکیی ئابووریدا، دروستکردنی هەلی کار و گەشەپێدانی هاوسەنگی ناوچەکان، لە ڕێگەی دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامان و سەرچاوەکان و بەهێزکردنی خۆبەڕێوەبەریی خۆجێییەوە، وەک بنەمای سەرەکی دەخرێنەڕوو.

پژاک ئەم شەش تەوەرەیە وەک بنەمای مۆدێلێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی پێناسە دەکات کە بۆ ئایندەی ئێران و قۆناغی دوای کۆماری ئیسلامی پێشنیاری دەکات.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.