لە شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، ئامادەکاری بۆ هەڵکردنی ئاڵای سوور لە گۆڕەپانی ئاشتی دەکرێت، لە کاتێکدا هەوڵەکان بۆ دامرکاندنەوەی نائارامی و توندوتیژییەکانی ئەم دواییەی شارەکە بەردەوامن.
بڕیارە ئاڵاکە لەلایەن پارێزگاری حەسەکە، نورەدین ئەحمەد، و بەرپرسانی حکومەتی کاتیی سووریاوە لەبەردەم کۆشکی گەل لە گۆڕەپانی ئاشتی هەڵبکرێت، ئەمەش دوای ئەوە هات کە لە کاتی خۆپیشاندان و نائارامییەکانی ئەمڕۆدا، هەندێک لایەن زیانیان بە موڵک و ماڵی گشتی گەیاند و هەوڵیاندا دۆخی شارەکە بشێوێنن.
لە بەرامبەر ئەو گرژییانەدا، فەرماندەیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەسەکە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاند کە چەندین ڕێوشوێنی توندی ئەمنییان بۆ کۆنتڕۆڵکردن و پاراستنی سەقامگیریی شارەکە گرتووەتە بەر.
ئاسایشی ناوخۆ لە بەیاننامەکەیدا قەدەغەکردنی هەڵگرتنی چەک و هەڵدانی یارییە ئاگرینەکانی لە سەرانسەری شارەکەدا ڕاگەیاند، و هۆشداریشی دا کە نابێت بە هیچ شێوەیەک سەلامەتیی گشتی بخرێتە مەترسییەوە، جەختیشی لەوە کردەوە که هەر کەسێک سەرپێچیی ئەو ڕێکارە ئەمنییانە بکات، ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی توند و دادگاییکردن دەبێتەوە.