ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی هۆشداریداوە سەبارەت بە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی 13 خۆپیشاندەر لە ئێران.
ڕێکخراوی لێبوردنی نیودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، مەترسیی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی 13 خۆپیشاندەر هەیە کە لە مانگی 1ـى ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنیەکانى ئێرانەوە دەستگیرکراون.
دەشڵێن، هێزە ئەمنییەکانی ئێران لەپێناو وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ دەستییان کردووە بە ئەشکەنجەدان و ڕاگرتنی ئەم خۆپیشاندەرانە لە ژووری تاکەکەسی دا.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، سزای لەسێدارەدانی ئەم 13 خۆپیشاندەرە لە دادگایەکی نا دادپەروەرانەدا پەسەندکراوە و ئاشکراشی کردووە، دەزگای دادوەریی ئێران بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە دەستیکردووە بە لەسێدارەدان و سەپاندنی سزا بەسەر خۆپیشاندەران و کەسانی ناڕازی لە وڵاتەکەدا.
ئەم ڕاپۆرتەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەکاتێکدایە تەنها لەمانگی ئازاری ئەمساڵدا 14 کەس بەتۆمەتی سیخوڕی و هاوکاریکردنی دوژمن لەئێران لەسێدارەدراون. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش هۆشدارییان داوە سەبارەت بە هەڵکشانی توندوتیژی و سەرکوتکارییەکانی حکومەتی ئێران بەرامبەر بە دەنگی ناڕازی لە وڵاتەکەدا.