حکومەتی لوبنان رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی پلانی قۆناغی دووەمی چەکداماڵینی هێزەکانی حیزبوڵای پێشکەش کردووە و جێبەجێکردنی، چوار مانگی پێویستە، حیزبوڵاش ئەم هەنگاوە بە تاوانی گەورە ناودەبات.
پۆڵ مۆرکۆس وەزیری راگەیاندنی لوبنان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، سوپای لوبنان مانگی رابردوو تەواوبوونی قۆناغی یەکەمی پلانی چەکداماڵینی حیزبوڵای، لە ناوچەی نێوان رووباری لیتانی و سنووری ئیسرائیل راگەیاند.
وتیشی، قۆناغی دووەم ناوچەی نێوان رووبارەکانی لیتانی و ئولی دەگرێتەوە، کە 40 کیلۆمەتری له باشووری بەیروتە و بەپێی تواناکانی سوپا، ئەگەری هەیە پرۆسهكه چوار مانگ درێژە بکێشێت.
پلانەکەی حكومهتی لوبنان رووبەڕووی کاردانەوەی توندی حیزبوڵا بووەتەوە، نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵا، هەوڵەکانی حکومەتی بۆ چەکداماڵینی حیزبوڵای، بە "گوناهی گەورە" ناوبرد و رایگەیاند، ئەم کارە تەنها خزمەت بە ئامانجە داگیرکارییەکانی ئیسرائیل دەکات.