ڕێژنه سهردار
لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کۆمەڵێک ناو هەن کە تا ئێستا بە زیندووی ماونەتەوە، نەک لەبەر ئەوەی چیان ئەنجامداوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی نوێنەرایەتی چییان کردووە؛ قازی محەمەد یەکێکە لەو ناوانە!
لە سەروبەندی جەنگی جیهانی دووەم و لە کاتێکدا زلهێزە جیهانییەکان بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆیان بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگەڕان، لاپەڕەیەکی سەرنجڕاکێشی مێژووی کورد لە شاخە بەفراوەییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵدرایەوە.
لهو كاتهدا قازی محەمەد بیرۆکەی خۆبەڕێوەبردنی کوردستانی کرد بە ڕاستی و کۆماری کوردستانی دامەزراند!
کۆمارێک کە تەمەنی لە یەک ساڵ کەمتر بوو، بەڵام کاریگەرییەکەی سەدەیەکە لە زیهنی نەوەکانی کوردستاندا ماوەتەوە.
محەممەد عەلی (قازی محەمەد) ساڵی 1893 لە شاری کوردنشینی مەهاباد و بنەماڵەیەکی ناودار لەدایکبوو، هەر لە منداڵییەوە وەک بڵێی بۆ حکومڕانی پەروەدەکرابێت، لە فەقێیهتی زانستی فەلسەفە و ئەدەبیاتی خوێند و شارەزای لە چەندین زماندا پەیداکرد و ڕێزێکی قوڵی لە سەرانسەری پێکهاتە خێڵەکی و شارنشین و ئایینییەکانی ناوچەکەدا بەدەستهێنا، لە پاش کۆچی دوایی "عەلی قازیی" باوکیشی، بووە دادوەری مەهاباد.
دڵسۆزی و خەمخۆریی زۆر بۆ ناوچە کوردییەکان و فراوانی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانی و دیدگای سەربەخۆیی قازی محەمەد، دەسەڵاتدارانی ئەوکاتەی ئێرانی ترساند و هەر زوو کەوتنە دژایەتیکردنی.
بەڵام ئەم دژایەتییە نەک تەنها قازی محەمەدی سارد نەکردەووە بگرە سوورتری کرد لەسهر هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کورد.
لە ساڵی 1942 کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان ناسراو بە ژێکاف لە مەهاباد بە سەرۆکایەتیی حوسێن فروهەر و عەبدولڕەحمان زەبیحی دروستدەکرا، قازی محەمەد وەکو کەسایەتییەکی ناوچەکە دەبێتە ئەندامی ژێکاف و نازناوی بینایی پێدەدرێت.
22ی کانوونی دووەمی 1946، ڕێبەرانی کورد، بە ژمارەیەکی کەم، بەڵام خەونێكی گەورەوە لە مەهاباد دەرفەتێکی مێژووییان قۆستەوە و لەسەروبەندی لاوازبوونی دەسەڵاتی ئێراندا، کۆماری کوردستانیان دامەزراند و قازی محەمەدیان وەک یەکەم سەرۆککۆماری کورد لە مەهاباد هەڵبژارد.
بهڵام تەمەنی کۆمارەکە نەگەیشتە یەک ساڵ و لەلایەن هێزەکانی ئەوکاتی ئێرانەوە کۆتایی پێ هێنرا، قازی محەمەد و هاوڕێکانشی له ڕۆژی 30-3-1947 بە بڕیاری دادگایەكی نایاسایی لە گۆڕهپانی چوارچرا لە شاری مەهاباد لە سێدارە دران.
ڕوخانی کۆماری کوردستان و لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەد، برینێکی قوڵی لە دڵی ملیۆنان کوردا دروست کرد، بەڵام ههرگیز نهیتوانی چرای هیوای سەربەخۆیی و یەگرتووی کوردی بکوژێنێتهوە.
دوای تێپەڕینی 79 ساڵ بەسەر لە سێدارەدانی قازی محەمدا، لە هەلومەرجێكی هاوشێوەدا کە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی کەتووەتە بەر هێرشی بەرفراوانی ئەمریکا و ئیسرائیل و لە لێواری ڕوخاندایە، هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کورستان هاوپەیمانییەکی بەهێزی سیاسییان پێکهێناوەو و بە هەمان دیدگاوە کار دەکەن بۆ تەواوکردنی خەونەکەی قازی محەمەد.