فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایدەگەیێنێت، بەرەی مقاوەمە پشتێنەیەکی نوێی ئەمنیی لە نێوان گەروی هورمز و بابولمەندەب دروستکردووە.
هۆشداریش دەداتە وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ئەگەری بەردەوامبوونی گرژییەکان لە ناوچەکە.
ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە گوتارێکدا ئاماژەی بە گۆڕانکاریی هاوکێشە سەربازییەکانی ناوچەکە کرد و ڕایگەیاند، هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی گروپی ئەنساروڵڵای یەمەنی (حوسییەکان) "نیشانەی گۆڕانی ستراتیژیی هێزن لە ناوچەکەدا."
قائانی هۆشداریی دایە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕایگەیاند: "ئەگەر سەرکێشییەکانی ڕۆژئاوا لە ناوچەکەدا بەردەوام بن، دۆخی دەریاوانی لە گەروی بابولمەندەب هاوشێوەی گەروی هورمزی لێدێت و هاوکێشە دەریاییەکان دەگۆڕدرێن."
لەسەر پرسی شەڕ و دانوستانەکانی ئاگربەست لە بەرەی لوبنان، فەرماندەی فەیلەقی قودس مەرجەکانی تارانی خستە ڕوو و ڕایگەیاند، کەمترین داواکاریی ئەوان بریتییە لە "کشانەوەی بێ مەرجی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ ئەو شوێنانەی پێش دەستپێکردنی جەنگی 40 ڕۆژە لێی بوون."
ئیسماعیل قائانی جەختی لەوەش کردەوە کە وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات "هیچ ئیمتیازێکی ئەمنی بە تەلئەبیب بدرێت، یان پێگەی حیزبوڵڵای لوبنان لە هاوکێشەکاندا لاواز بکرێت."
گەروی بابولمەندەب و گەروی هورمز لە گرنگترین ڕێڕەوە دەریاوانییەکانی جیهانن بۆ گواستنەوەی وزە و بازرگانیی نێودەوڵەتی، لە کاتی دەستپێکردنی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشەوە، ناوچەکە شاهیدی پێکدادانی سەربازی و هێرشی بەردەوامە بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان.