بڕیارە ڕۆژی دووشەممە 18ـی ئایاری 2026، دانیشتنێکی تایبەت لە ژێر ناونیشانی "داهاتووی ئێران؛ لێکۆڵینەوە لە دۆخی ئێستا و دیدگای نەتەوەکان لە بونیادنانەوەی ئاییندەی ئێراندا" لە پەرلەمانی بەریتانیا بەڕێوەبچێت.
ئەم کۆبوونەوەیە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە چالاکوانانی سیاسی، توێژەران و کەسایەتییەکانی پەیوەندیدار بە پرسی نەتەوە و پێکهاتەکانی ئێران ساز دەکرێت. ئامانجی سەرەکیی بەرنامەکە برتییە لە لێکۆڵینەوە لە قەیرانە هەنووکەییەکانی ئێران و گۆڕینەوەی بیروڕا لەبارەی ڕۆڵی نەتەوەکان لە داڕشتنی ئاییندەیەکی دیموکراتیک و فرەدەنگدا.
جێگەی ئاماژەیە، لە دانیشتنەکەی پەرلەمانی بەریتانیا، هەریەکە لە ڕۆزەرین کەمانگەر، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) و سیامەند موعینی، ئەندامی مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بەشدار دەبن بۆ خستنەڕووی دیدگای خۆیان لەبارەی داهاتووی سیاسیی ئێران.
ئەم بەشدارییە لە چوارچێوەی هەوڵەکانە بۆ تاوتوێکردنی مافی نەتەوەکان و بونیادنانی سیستمێکی دیموکراتیک و نامەرکەزی لە قۆناغی داهاتوودا.