ڕاستەوخۆ

بەهۆی تەقەی تاڵیبان لە خۆپیشاندەرانی ژنانی دژە حیجاب لە لانیکەم دوو کەس کوژران

reset font size increase font size

لە ئەنجامی خۆپێشاندانێکی ناڕەزایەتی لە شارۆچکەی جەبرائیل لە پارێزگای هێرات لە ڕۆژئاوای ئەفغانستان، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ و توندوتیژیی هێزە ئەمنییەکانی تاڵیبان، لانیکەم دوو کەس کوژران و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتە خۆجێییەکان و ئەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، خۆپێشاندانەکە بەیانیی ئەمڕۆ دوای بانگەوازی ژمارەیەک لە ژنان لە ناڕەزایەتی دژ بە دەستبەسەرکردنەکانی ئەم دواییانە بە شێوەیەکی نا دادپەروەرانە دەستیپێکرد. 

لە خۆپیشاندانەکدا ژمارەیەک لە پیاوانیش بەشداریان کرد و هەمووان دروشمی "خوێندن، کار، ئازادی"یان بەرزکردەوە. 

شایەتحاڵان بە میدیاکانیان ڕاگەیاندووە کە لە کاتی پێکدادانەکاندا، هەندێک لە خۆپێشاندەران لە وەڵامی توندوتیژیی هێزەکانی تاڵیباندا، بەردیان گرتووەتە هێزە ئەمنییەکان.

ئاماری دژ بەیەک لەسەر ژمارەی بریندارەکان

شایەتحاڵان ئاماژە بەوە دەکەن کە چەکدارانی تاڵیبان لە چەند حاڵەتێکدا "تەقەیان لە قاچی ژنانی خۆپێشاندەر" کردووە.

 لەگەڵ ئەوەشدا، ئامارێکی ورد لەسەر ژمارەی قوربانییەکان لەبەردەستدا نییە.

بەرپرسانی خۆجێیی تاڵیبانیش لە هێرات گواستنەوەی لانیکەم سێ برینداریان بۆ نەخۆشخانە پشتڕاستکردووەتەوە، بەڵام هەندێک سەرچاوەی پزیشکی و میدیا ناوخۆییەکان ژمارەی بریندارەکان بە زیاتر لە ٦ کەس دەخەمڵێنن.

 بەرپرسانی تاڵیبانیش تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکیان لەسەر دەستبەسەرکراوەکان بڵاونەکردووەتەوە.

هەڵوێستی حکومەتی تاڵیبان: "ڕووبەڕووبوونەوەی تێکدەرانی ئاسایشی گشتی"

سەید مەسعود حوسێنی، یەکێک لە گوتەبێژانی فەرماندەیی ئاسایشی حکومەتی تاڵیبان لە هێرات، سەبارەت بە ڕووداوەکە ڕایگەیاند:

"هێزە ئەمنییەکان لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی خۆیان بۆ دابینکردنی ئاسایش و پاراستنی بەرژەوەندی گشتی کاریان کردووە، بە هەمان شێوەش ڕووبەڕووی هەر کەسێک دەبینەوە کە ئاسایشی گشتی تێکبدات."

ئەم بەرپرسەی تاڵیبان باسی لەوە کرد، هێزەکانیان لە کاتی خۆیدا گەیشتوونەتە ناوچەی جەبرائیل و دۆخەکەیان کۆنترۆڵ کردووە.

 ناوبراو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکەی بە "دژایەتیکردنی حیجابی ئیسلامی" تۆمەتبار کرد، بەڵام ئامادەنەبوو وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە کە بۆچی هێزە ئەمنییەکان تەقەیان کردووە.

هاوکات، وەزارەتی "فەرمان بە چاکە و نەهی لە دژانی تاڵیبان"، خۆپیشاندەرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە "دژایەتی فەرمانە ئایینییەکان دەکەن" و لێکدانەوەی نادروست بۆ جێبەجێکردنی حوکمە شەرعییەکان دەکەن.

کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان و نیگەرانییەکانی یوناما

ئەم گرژیانە لە کاتێکدا دێن کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین ڕاپۆرت لەسەر دەستبەسەرکردنی ژنان لە هێرات بە تۆمەتی "بێ حیجابی" بڵاوکراونەتەوە؛ ئەوەش یەکێکە لەو تۆمەتانەی کە سەرۆکایەتی زانیاری و ڕۆشنبیریی تاڵیبان لە هێرات بە "دەنگۆی نادروست"ی ناو دەبات.

سەرەڕای ئەمەش، دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان نیگەرانی خۆیان لەم دۆخە دەربڕیوە:

هەڵوێستی یوناما: نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری ئەفغانستان (یوناما) لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، نیگەرانی خۆی لە دەستبەسەرکردنی چەندین ژن لە هێرات بەهۆی جۆری پۆشاکەکەیانەوە دەربڕی و داوای ڕێزگرتن لە مافی ئازادیی هاتوچۆ و یەکسانیی مافەکانی هاوڵاتیانی کرد.

ڕوانگەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ: هه‌ڵسوکه‌وتی فەرمانگەی "فەرمان بە چاکە و نەهی لە دژانی تاڵیبان" لە هێرات لە ماوەی هەفتەکانی ڕابردوودا، کەوتووەتە ژێر چاودێریی توند و ڕەخنەی توندی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.