وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا ڕایگه‌یاند، جه‌نگی ئێران و ئه‌مریكا دۆخێكی سه‌ختی بۆ وڵاتانی ناوچه‌كه دروستكردووه و نایانوێت جه‌نگ ده‌ستپێبكاته‌وه.
هاكان فیدان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا له میانه‌ی كۆڕبه‌ندی ئه‌نتالیا به ڕۆژنامه‌نووسانی وت، وه‌ك وڵاتانانی ناوچه‌كه پشتیوانی له دانوستانی ئه‌مریكا و ئێران ده‌كه‌ن، چه‌ند وڵاتێكیش كار بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی ئاگربه‌ست ده‌كه‌ن.
ڕاشیگه‌یاند، ئێستا دۆخێكی زۆر ناسه‌قامگیر له گه‌رووی هورمز هه‌یه، له لایه‌ن هه‌ردوولاوه ڕونكردنه‌وه هه‌یه له‌سه‌ر گه‌رووی هورمز.
وتیشی، پێویسته ئه‌م جه‌نگه كۆتایی بێت، ئه‌مریكا و ئێران له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك ناكۆكییان هه‌یه، هه‌وڵده‌ده‌ن سه‌قامگیری بۆ ناوچه‌كه بگه‌ڕێننه‌وه.
فیدان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، كاتیك وڵاتانی ناوچه‌كه كۆده‌بنه‌وه بۆئه‌وه‌یه چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كانی ناوچه‌كه بدۆزنه‌وه.
وتیشی، پێویسته پلانی ئاشتی له غه‌زه به كرده‌یی جێبه‌جێ بكرێت، هه‌وڵده‌ده‌ن كۆمه‌ڵكوژی له غه‌زه ڕابگرن.