ڕاستەوخۆ

شەریف و پزیشکیان پەیوەندییەکی تەلەفونییان لە بارەی دۆخی ناوچەکە ئەنجامدا

reset font size increase font size

سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە پەیوەندییەکی تەلەفونیی 45 خولەکیدا لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران، پابەندیی وڵاتەکەی بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەیی دووپات کردەوە.

شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان ڕایگەیاند، پەیوەندییەکی تەلەفونی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ئەنجام داوە. شەریف لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئاماژەی بەوە کردووە، بە سەرۆککۆماری ئێرانی ڕاگەیاندووە، پاکستان بە تەواوی پابەندە بە هەوڵەکانی بۆ پێشخستنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەیی.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی پاکستان، هەردوولا لەم پەیوەندییە تەلەفونییەدا کە 45 خولەکی خایاندووە، باسیان لە دۆخی ئێستای ناوچەکە کردووە.

هەرچەند لە ڕاپۆرتی ئەم پەیوەندییەدا ئاماژە بە کاتی بەڕێوەچوونی خولی داهاتووی دانوستانەکان نەکراوە، شەریف سوپاسی پزیشکیانی کردووە بۆ ناردنی شاندێکی باڵا بۆ دانوستانەکانی هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ ئەمریکا.

ئەم پەیوەندییە تەلەفونییە لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، شاندی وڵاتەکەی ئێوارەی دووشەممە بە کاتی ئەمریکا، خولی دووەمی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران لە پایتەختی پاکستان ئەنجام دەدەن.

تا ئێستا لایەنی ئێرانی بە فەرمیی بەشداریی خۆی لەم گفتوگۆیانەدا پشتڕاست نەکردووەتەوە، بەڵام وتوێژە تەلەفونییەکەی شەهباز شەریف ئاماژە بە ئامادەکاریی ئیسلام ئاباد دەکات بۆ میوانداریکردنی ئەم دیدارە چارەنووسسازە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.